
لە هەولێر هەموو بنکەکانی پۆلیس بە تۆڕێکی دیجیتاڵی دەبەسترێنەوە
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر بۆ خێراکردنی ڕووبەڕووبوونەوەی تاوان، هەموو بنکەکانی پۆلیس بە تۆڕێکی دیجیتاڵی هاوبەش دەبەستێتەوە.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر بە مەبەستی خێراکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان و بەهێزکردنی ڕووبەڕووبوونەوەی تاوان، سەرجەم بنکەکانی پۆلیس لە سەرتاسەری شارەکە بە تۆڕێکی دیجیتاڵی هاوبەش دەبەستێتەوە. لە چوارچێوەی ئەو پڕۆژەیەی بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆ دەستی پێکردووە، لە قۆناغی یەکەمدا هەموو کارەکانی بنکەکانی پۆلیس دەکرێنە ئەلیکترۆنی.
بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای هەولێر، عەمید کامیل بەرزنجی ڕایگەیاند، سیستەمە نوێیەکە وادەکات هاووڵاتیان کارە فەرمییەکانیان زۆر بە خێرایی تەواو بکەن و دۆزینەوە و دەستگیرکردنی گومانلێکراوانیش ئاسانتر دەبێت. وتیشی: "ئەو هاووڵاتییەی سکاڵا لەسەر کەسێک تۆمار دەکات، پێویست ناکات سەردانی چەند بنکەیەکی پۆلیس بکات، چونکە ئەو زانیارییانەی دەخرێنە ناو سیستەمەکەوە دەستبەجێ لە هەموو بنکەکاندا دەبینرێن."
پڕۆژەکە وەک بەشێکی گرنگی بەرنامەی چاکسازی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان ناسێندراوە. وەزارەتی ناوخۆ بەم هەنگاوە دەیەوێت متمانە بە دامەزراوەکانی پۆلیس زیاتر بکات و کوالێتی خزمەتگوزارییەکان بەرز بکاتەوە.
سەرچاوە: Kurdistan24