
ناردنی 422 هەزار تۆن بەروبوومی خۆماڵی لە هەولێرەوە بۆ پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق
هێمن سەید موراد، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر ڕایگەیاند، لە 10 مانگی یەکەمی ساڵی 2023دا، 422 هەزار و 919 تۆن بەروبوومی خۆماڵی لە شارەکەوە بۆ ناوچەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق نێردراوە.
هێمن سەید موراد، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر ڕایگەیاند، لە سەرەتای ساڵەوە تا کۆتایی مانگی تشرینی یەکەم، لە ڕێگەی عەلوەی هەولێرەوە کۆی گشتیی 422 هەزار و 919 تۆن لە 23 جۆر بەروبوومی جیاوازی کشتوکاڵی کە جووتیاران بەرهەمیان هێناوە، بۆ پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق نێردراوە.
بەپێی زانیارییەکانی کوردستان24، لە لیستی ناردنی بەروبوومەکاندا، پەتاتە زۆرترین داواکاری لەسەر بووە. بەروبوومە سەرەکییەکانی دیکە بریتین لە پیاز و تەماتە. کەمترین بڕی نێردراویش قارچکی سپی بووە کە تەنها 193 تۆن بووە.
هێمن سەید موراد ئاماژەی بەوە کرد، بەهۆی ئەوەی خۆراکی سەرەکی وەک پەتاتە، پیاز و تەماتە جێگەیەکی گرنگیان لە سەبەتەی ڕۆژانەی خێزانەکاندا هەیە، ئەم بەروبوومانە لە بازاڕەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراقدا داواکارییەکی زۆریان لەسەرە، بەڵام بەروبوومەکانی دیکە کەمتر یان بەپێی وەرز بەکاردەهێنرێن.
سەرچاوە: Kurdistan24