
پۆلیسی هەولێر هۆشداری دەداتە ئەوانەی لە تیکتۆک پەخشی ڕاستەوخۆ دەکەن بۆ پڕکردنەوەی فۆرم لە ماوەی ١٥ ڕۆژدا
پۆلیسی هەولێر بە پێویستی دەزانێت ئەو کەسانەی لە ڕێگەی تیکتۆکەوە پەخشی ڕاستەوخۆ دەکەن، لە ماوەی ١٥ ڕۆژدا بەڵێننامەیەک پڕ بکەنەوە و ڕێنماییە فەرمییەکان وەربگرن.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر هۆشدارییەکی بۆ ئەو کەسانە بڵاوکردەوە کە لە سەکۆکانی سۆشیاڵ میدیا و بەتایبەت لە ڕێگەی تیکتۆکەوە پەخشی ڕاستەوخۆ دەکەن. ئەم هۆشدارییە ئامانجی ئەوەیە ئەو کەسانەی پەخشی ڕاستەوخۆ دەکەن پابەندی ڕێسای دیاریکراو بن بە مەبەستی پاراستنی ئاسایشی گشتی و کلتووری کۆمەڵایەتی.
لە هۆشدارییەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە کە بڵاوکردنەوەی وشەی نەشیاو، ناوەڕۆکی سێکسی، وتاری ڕق و کینە و وێنە یان دەقی نەگونجاو لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان قەدەغەیە. ئاماژە بەوەش کراوە کە ئەم جۆرە ڕەفتارانە زیان بە بەها کۆمەڵایەتییەکان دەگەیەنێت و دەبێتە هۆی دروستبوونی کێشە و تاوانی جۆراوجۆر.
پۆلیس داوا لەو کەسانە دەکات کە پەخشی ڕاستەوخۆ دەکەن لە ماوەی ١٥ ڕۆژدا سەردانیان بکەن بۆ ئەوەی دۆسیەیەکی تایبەتیان بۆ بکرێتەوە، بەڵێننامەیەک پڕ بکەنەوە و ڕێنماییە فەرمییەکان وەربگرن. ڕاگەیەندراوە کە هەر کەسێک پابەندی ئەم ڕێکارە نەبێت، ڕووبەڕووی لێپرسینەوەی یاسایی دەبێتەوە.
سەرچاوە: +964 (Kurdish) - province 'hewler'