کلتوور و ئەدەب

سێ هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی خۆکوژ بۆ سەر کەمپی ئازادی لە کۆیە
سێ فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی دروستکراوی ئێرانی لە جۆری "حەدید"، لە نێوان کاتژمێر ٠١:٤٠ تا ٠٢:١٠ی شەودا کەمپەکەیان کردە ئامانج و هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتەوە.
کەمپی ئازادی لە شارۆچکەی کۆیەی سەر بە هەولێر، بەرەبەیانی ئەمڕۆ کەوتە بەر هێرشی سێ فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی خۆکوژ لە جۆری "حەدید"ی دروستکراوی ئێرانی. هێرشەکە لە نێوان کاتژمێر ٠١:٤٠ تا ٠٢:١٠ی شەودا ڕوویدا.
سەرچاوەیەک لە حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران (حدکا) بە ڕووداوی ڕاگەیاند، هێرشەکە تەنیا زیانی مادیی لێکەوتووەتەوە و هیچ زیانێکی گیانی بە دانیشتووانی کەمپەکە نەگەیشتووە.
دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە هەمان کاتدا پشتڕاستی کردەوە کە لەو ماوەیەدا کەمپەکە بە سێ فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کراوەتە ئامانج و ڕایگەیاند کە هیچ گیانلەدەستدان و برینداربوونێک نەبووە.
سەرچاوە: Rûdaw