
پارێزگاری هەولێر ئومێد خۆشناو، سبەی قوتابخانە و زانکۆکانی داخست
پارێزگاری هەولێر بەهۆی ئەو شەپۆلی بارانبارینەی بووەتە هۆی لافاو و کۆبوونەوەی ئاو، بڕیاریدا سبەی دەوامی سەرجەم دامەزراوە پەروەردەییەکان ڕابگیرێت.
پارێزگاری هەولێر ئومێد خۆشناو ڕایگەیاند، سبەی یەکشەممە، دەوامی سەرجەم دامەزراوە پەروەردەییە حکومی و تایبەتەکان، لە باخچەی ساوایانەوە تا زانکۆکان ڕادەگیرێت.
هۆکاری ئەم بڕیارە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو شەپۆلی بارانبارینە بەهێزەی لە پارێزگاکەدا هەیە، کە بووەتە هۆی دروستبوونی لافاو لە هەندێک گەڕەک و چوونە ژوورەوەی بڕێکی زۆر ئاو بۆ ناو ماڵی هاووڵاتییان.
پارێزگار ئومێد خۆشناو ئاماژەی بەوە کرد کە تیمە پەیوەندیدارەکانی حکومەت بە تەواوی توانایانەوە کار دەکەن و تیمەکانی فریاگوزاری بۆ هاوکاریکردنی هاووڵاتییان و چارەسەرکردنی زیانەکان لە ئامادەباشیدان. هەروەها ئەو فەرمانبەرانەی لەو ماڵانەدان کە ئاوی تێچووە یان بەهۆی سەختی هاتوچۆوە ناتوانن بگەنە سەر کارەکانیان، غیاب بۆیان هەژمار ناکرێت و ئەو ڕۆژە وەک مۆڵەتی فەرمی بۆیان دەژمێردرێت. بەڵام فەرمانبەرانی کەرتی خزمەتگوزاری و تیمەکانی فریاگوزاری لە ئەرکەکانیان بەردەوام دەبن و لە حاڵەتی ئامادەباشیدا دەمێننەوە.
سەرچاوە: Erbil Governorate (Parêzgeha Hewlêr) official news