
هەڵوێستێکی ئەمنیی هاوبەش لە نێوان هەولێر و لەندەن بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆچی نایاسایی
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ جۆناسان پاوڵ، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی بەریتانیا سەبارەت بە بەرەنگاربوونەوەی کۆچی نایاسایی و بەهێزکردنی هاریکارییە ئەمنییەکان کۆبووەوە.
لە ١٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە جۆناسان پاوڵ، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی بەریتانیا کرد. لە کۆبوونەوەکەدا عیرفان سدیق، باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق و هۆڵی ڤار، کونسوڵی گشتیی بەریتانیا لە هەولێر ئامادە بوون.
لە کۆبوونەوەکەدا دۆخی گشتیی ئەمنیی هەرێمی کوردستان، عێراق و ناوچەکە تاوتوێ کرا. هەردوولا هاوڕابوون لەسەر پێویستیی پەرەپێدانی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و هاریکاری و هەماهەنگی بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە، بەتایبەتی لە بواری بەرەنگاربوونەوەی کۆچی نایاسایی.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، باس لە هەنگاوەکانی کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان و پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرا.
سەرچاوە: Kurdistan24