
ئەردۆغان لە ڕۆژی سەرکەوتنی ئازەربایجاندا دەست لەناو دەست لەگەڵ عەلیێڤ ڕۆیشت
سەرۆککۆماری تورکیا ئەردۆغان، لە فڕۆکەخانەی فزوولی لەگەڵ سەرۆککۆماری ئازەربایجان عەلیێڤ کۆبووەوە.
سەرۆککۆماری تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، لە چوارچێوەی ئاهەنگەکانی ٨ی تشرینی دووەم ڕۆژی سەرکەوتنی ئازەربایجاندا، لە ئەستەنبوڵەوە گەشتی قەرەباغی کرد و لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی فزوولی لەلایەن سەرۆککۆماری ئازەربایجان ئیلهام عەلیێڤ و هاوسەرەکەی مهریبان عەلیێڤاوە پێشوازیی لێکرا. لە کاتی پێشوازیکردنەکەدا، ڕۆیشتنی ئەردۆغان و عەلیێڤ بە دەست لەناو دەست سەرنجی میدیاکانی ڕاکێشا.
لە فڕۆکەخانەی ئاتاتورک، جێگری سەرۆککۆمار جەودەت یڵماز، پارێزگاری ئەستەنبوڵ داوود گوڵ و سەرۆکی لقی ئەستەنبوڵی ئاک پارتی عەبدوڵڵا ئۆزدمیر بەڕێیان کرد. لەم سەردانەدا هاوسەرەکەی ئەمینە ئەردۆغان، وەزیری دەرەوە هاکان فیدان، وەزیری کشتوکاڵ و دارستان ئیبراهیم یوماکلی، سەرۆکی ڕێکخراوی هەواڵگریی نیشتمانی ئیبراهیم کالن، سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی سەرۆکایەتی کۆمار بورهانەدین دوران، ڕاوێژکاری باڵای سیاسەتی دەرەوە و ئاسایش ئاکیف چاغاتای کلچ، جێگری سەرۆکی ئاک پارتی کورشاد زۆرلو و سەرۆکی ئەنجومەنی ڕیشسپیاینی ڕێکخراوی دەوڵەتانی تورک بینالی یڵدرم یاوەریی ئەردۆغانیان دەکرد.
ئەردۆغان لە شوشا لەگەڵ عەلیێڤ کۆبوونەوەیەکی دووقۆڵی ئەنجام دەدات، کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیی هاوبەش ساز دەکەن، سەردانی مۆنۆمێنتی کۆمەڵکوژیی خۆجالی و مۆنۆمێنتی سەرکەوتنی خانکەندی دەکات، بەشداری لە نانی ئێوارەی فەرمیدا دەکات و لەگەڵ عەلیێڤ بەشداری لە ڕێپێوانی سەربازیدا دەکات. لە کاتی سەردانەکەدا، پەیوەندییە مێژووییەکانی براوەتیی نێوان هەردوو وڵات، قووڵکردنەوەی بوارەکانی هاوکاری و بابەتی ناوچەیی و جیهانی تاوتوێ دەکرێن. لە هەفتەکانی ڕابردوودا، گۆڕانکارییەکانی وەک ڕێنماییەکانی پۆشاک لە شوێنە گشتییەکانی ئازەربایجان و بەشدارینەکردنی عەلیێڤ لە کۆبوونەوەی لووتکەی ڕێکخراوی دەوڵەتانی تورک، گرژییەکانی زیاد کردبوو.
سەرچاوە: Kurdistan24