
ئەردۆغان: پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و کانەدا بۆ ئاستی هاوبەشیی ستراتیژی بەرز دەکرێنەوە
سەرۆک کۆماری تورکیا ئەردۆغان، ڕایگەیاند کە لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی کانەدا مارک کارنی، پلانێکی کارکردنیان پەسەند کردووە بۆ بەرزکردنەوەی پەیوەندییەکان بۆ ئاستی هاوبەشیی ستراتیژی.
سەرۆک کۆماری تورکیا ڕەجەب تەییب ئەردۆغان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیی هاوبەشدا لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی کانەدا مارک کارنی، ئاماژەی بەوە دا کە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات بۆ ئاستی هاوبەشیی ستراتیژی بەرز کراونەتەوە و قۆناغێکی نوێ دەستی پێ کردووە.
لە چوارچێوەی پلانی کارکردنی ڕێککەوتوودا، پرۆژەی نوێ لە بوارەکانی وزە، بازرگانی، گواستنەوە و پیشەسازیی بەرگریدا جێبەجێ دەکرێن. ئامانج ئەوەیە پیش پێش کۆتایی هاتنی ساڵ، دانوستانەکانی ڕێککەوتنی بازرگانیی ئازاد دەست پێ بکەن و قەبارەی بازرگانی بۆ ۱۰ ملیار دۆلار بەرز بكرێتەوە.
لیژنەی هاوبەشی ئابووری و بازرگانی بە شێوەیەکی کاریگەرتر بەکار دەهێنرێت؛ کۆبوونەوەی داهاتووی لە ساڵی ۲۰۲۷ بە بەشداریی کەرتی تایبەت بەڕێوە دەچێت. بەپێی ڕێککەوتنی نوێکراوەی گواستنەوەی ئاسمانی، گەشتە ئاسمانییە ڕاستەوخۆکانی نێوان هەردوو وڵات نزیکەی دوو بەرامبەر زیاد دەکرێن.
بۆ هاوکاری لە پیشەسازیی بەرگریدا، یاداشتی لێکتێگەیشتنی هاوبەشیی کەرتی بەرگری ئیمزا کرا و چاوەڕوانی پشتیوانی لە بانکەکەی بەرگری و ئاسایش و خۆڕاگری دەکرێت کە کانەدا ڕێبەرایەتیی دەکات. لە بواری وزەدا، ڕاگەیەندراوێکی هاوبەش لەسەر بوارەکانی کانزا، غازی سروشتیی شلکراوە (LNG)، کانزا گرنگەکان و وزەی ئەتۆمی پەسەند کرا. لە کۆبوونەوەکەدا باسی پێشهاتە هەرێمییەکانی وەک غەززە، ئۆکراینا و کەنداویش کرا.
سەرچاوە: Rûdaw