
ئەردۆغان: تورک، کورد و عەرەب وەک سوپاکەی سەلاحەدینی ئەیووبی یەکدەگرن
ئەردۆغان لە ڕێوڕەسمی کرانەوەی نەخۆشخانەی شار لە ڕحا، جەختی لەسەر هەوڵە هاوبەشەکانی پێکهاتە جیاوازەکان بۆ یەکێتیی و تێکۆشان دژی تیرۆر کردەوە.
سەرۆککۆماری تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، لە ڕێوڕەسمی کرانەوەی نەخۆشخانەی شاری ڕحا (شانلیئوورفا) ڕایگەیاند: "وەک تورک، کورد و عەرەب، ڕێک وەک ئەوەی ٨٣٨ ساڵ بەرلە ئێستا لە سوپای سوڵتانی خۆشەویستی ڕۆژهەڵات سەلاحەدینی ئەیووبیدا بوو کە قودسی شەریفی لە خاچپەرستان ڕزگار کرد، یەکدەگرین و شان بە شانی یەکتر دەوەستین."
ئەردۆغان ئاماژەی بەوە دا لەو کاتەوەی هاتوونەتە سەر دەسەڵات، ١ تریلیۆن و ٥٣٠ ملیار لیرە وەبەرهێنان لە ڕحا کراوە و کۆی وەبەرهێنانەکان لە بواری گواستنەوەدا لە ٩١ ملیار لیرە زیاتر بووە. هەروەها ڕایگەیاند درێژیی ڕێگەی دووساید لە ٢٨ کیلۆمەترەوە بۆ ٦٣٠ کیلۆمەتر زیادی کردووە و پڕۆژەکانی وەک پردی نیسیبی، ڕێگەی خێرای ڕحا-بیرەجک، ڕێگەی ڕحا-ئامەد و ڕێگەی ڕحا-وێرانشار تەواو کراون.
سەرۆککۆمار سەرنجی خستە سەر ئەوەی کە کێشە ئەمنییەکان چارەسەر کراون، تیرۆر بنبڕ کراوە و ماوەی دوو ساڵە لە ماڵەکاندا شیوەن و ڕۆڕۆ بەرز نەبووەتەوە. جگە لەوەش دیاری کرد کە لە سووریا ڕژێم ڕووخاوە، دەسەڵاتێک هاتووەتە سەر کار کە دۆستی نزیکی تورکیایە و بە پرۆسەی تێکەڵاوبوون کێشەی تیرۆر چارەسەر کراوە، لە عێراقیش کەشوهەوای ئاسایش دووبارە جێگیر بووەتەوە.
ئەردۆغان لە کۆتایی قسەکانیدا زیادی کرد کە بڕوای بە ئایندەیەک هەیە کە لە هەموو ناوچەکاندا ئارامی شوێنی تیرۆر، خۆشگوزەرانی شوێنی ناڕەخسانی سەقامگیری و ئاشتی شوێنی شەڕ دەگرێتەوە، و گوتیشی ئەم پرۆسەیە لەلایەن هیچ کەسێکەوە ڕێگری لێ ناکرێت.
سەرچاوە: Rûdaw