
بەرهەمێکی کوردیی قەشەی ئەرمەنی مێگردیچ دیکرانیان لە ساڵی ١٨٦٦ لە ئەستەنبوڵ دۆزرایەوە
کتێبی "چرای ڕۆنی" کە لە کتێبخانەی ئەتاتورکی ئەستەنبوڵ دۆزراوەتەوە، بەرهەمێکی مێژووییە کە لە ساڵی ١٨٦٦ لەلایەن قەشەی ئەرمەنی مێگردیچ دیکرانیان بە زمانی کوردی نووسراوە.
بەرهەمی "چرای ڕۆنی" کە بۆ ماوەیەکی زۆر لە کتێبخانەی ئەتاتورکی ئەستەنبوڵ بە فەرامۆشکراوی مابووەوە، لە ساڵی ١٨٦٦ لە ئەستەنبوڵ چاپ کراوە و لە ئەلفوبێی ئەرمەنییەوە بۆ ئەلفوبێی لاتینی گواستراوەتەوە. نووسەری کتێبەکە، قەشە مێگردیچ دیکرانیان، بەرپرسی کڵێساکانی ئەرمەنییەکانی کوردستان بووە؛ ناوبراو لە ساڵی ١٨١٥ لە دیاربەکر لەدایک بووە و لە شارەکانی وەک خارپێت و سێرت ژیاوە.
کتێبەکە تێبینی و سەرنجەکانی سەبارەت بە دۆخی کۆمەڵگەی ئەرمەنی و زانیاری لەسەر ئایینی مەسیحی لەخۆ دەگرێت. تاهیر بایکووشاک کە کۆکەرەوەی بەرهەمەکەیە، ئاماژەی بەوە کردووە کە کتێبەکە بە زمانی کوردیی کورمانجی نووسراوە و هەندێک بەشی نەخوێنراوەتەوە، هەروەها جەختی لەوە کردووەتەوە کە ئەم دۆزینەوەیە ڕووناکی دەخاتە سەر کولتووری پێکەوەژیانی ئەرمەنی و کورد.
توێژەران ئاماژەیان بەوە کردووە کە "چرای ڕۆنی" سەرچاوەیەکی بەنرخە کە ڕووناکی دەخاتە سەر قۆناغێکی گرنگی ئەو سەردەمە و بیرخەرەوەی ئەوەیە کە لە جوگرافیای کوردستاندا، کولتووری نەریتیی پێکەوەژیان کە تێیدا دەنگی زەنگی کڵێسا و بانگی مزگەوت بە ئاشتیانە پێکەوە دەبیستران، هێشتا زیندووە.
سەرچاوە: Kurdistan24