
فازڵ میرانی: کاراکردنەوەی پەرلەمان قەیرانی سیاسی تێدەپەڕێنێت
فازڵ میرانی، بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسی پارتی لە دیدارێکدا لەگەڵ ئەرماڵ تۆپچی، کونسوڵی گشتیی تورکیا لە هەولێر، کاراکردنەوەی پەرلەمانی بە هەنگاوێکی ئەرێنی وەسف کرد.
ڕۆژی شەممە، تشرینی دووەمی ٢٠٢٦، فازڵ میرانی، بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بارەگای مەکتەبی سیاسی لە پیرمام، پێشوازی لە ئەرماڵ تۆپچی، کونسوڵی گشتیی تورکیا لە هەولێر کرد.
میرانی ئاماژەی بەوە کرد کە کاراکردنەوەی پەرلەمان دەستپێکێکی ئەرێنییە بۆ تێپەڕاندنی ئەو قەیران و بنبەستە سیاسییەی کە لە دوو ساڵی ڕابردوودا هەبووە. ناوبراو هیوای خواست سەرجەم لایەنە سیاسییەکان کێشە و ناکۆکییەکان وەلا بنێن و بەشداری لە پرۆسەی پێکهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بکەن، هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و هەرێمی کوردستان لە ئاستێکی زۆر باشدایە.
لەلای خۆیەوە ئەرماڵ تۆپچی، کونسوڵی گشتیی تورکیا دووپاتی کردەوە کە پەیوەندییەکان لە هەموو بوارەکاندا زۆر باشن و بەردەوام لە پێشکەوتندان. ناوبراو هیوای خواست سەرجەم لایەنەکان بگەنە ڕێککەوتن و حکومەتی هەرێمی کوردستان پێکبهێنن، هەروەها خوازیاری بەردەوامبوونی ئارامی، سەقامگیری و گەشەسەندن بوو لە هەرێمەکەدا.
سەرچاوە: Kurdistan24