
دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق داواکاریی هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی کوردستانی ڕەت کردەوە
دادگاکە ئەو بانگەشەیەی عەلی حەمە ساڵحی ڕەت کردەوە کە دەیوت خولی شەشەمی پەرلەمان پێچەوانەی دەستوورە.
دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق لە دانیشتنی ڕۆژی ٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦دا، ئەو داوایەی بە ژمارە ٢١١/فیدراڵ/٢٠٢٦ ڕەت کردەوە کە بە تۆمەتی ئەوەی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان پێچەوانەی دەستوورە، تۆمار کرابوو.
داواکە لەلایەن عەلی حەمە ساڵح، سەرۆکی بزووتنەوەی هەڵوێست و پەرلەمانتاری پێشوو، دژی سەرۆکی کاتیی پەرلەمان تۆمار کرابوو و تێیدا بە پشتبەستن بە دەستووری عێراق داوای کۆتاییهێنان بە خولی شەشەم یان پێداچوونەوە بە دۆخی دەستوورییەکەی کردبوو.
دادگاکە ئەو بانگەشانەی ڕەت کردەوە کە دەڵێن بەردەوامبوونی پەرلەمان پێچەوانەی دەستوورە و داواکاریی ڕێکخستنەوەی دەرەنجامە یاساییەکانی پەیوەست بەو بابەتەشی قبوڵ نەکرد و بڕیاری دا خولی ئێستا بەردەوام بێت.
سەرچاوە: Kurdistan24