
وەزیرانی دەرەوەی تورکیا و عێراق لە بەغدا کۆبوونەوە و پەیوەندییە دوو قۆڵییەکان و ئاسایشیان تاوتوێ کرد
وەزیرانی دەرەوەی تورکیا و عێراق، لە چوارچێوەی ئەنجومەنی وەزیرانی دەرەوەی ڕێکخراوی ھاوکاریی ئیسلامی لە بەغدا کۆبوونەوەیەکی دوو قۆڵییان ئەنجامدا و بەهێزکردنی پەیوەندییەکان و ئاسایشی ناوچەکەیان هەڵسەنگاند.
فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق و هاكان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا، لە پەراوێزی ٥٢ەمین دانیشتنی ئەنجومەنی وەزیرانی دەرەوەی ڕێکخراوی ھاوکاریی ئیسلامی لە بەغدا کۆبوونەوەیەکی دوو قۆڵییان ئەنجامدا. حسێن لە ڕێگەی تۆڕی کۆمەڵایەتی Xەوە ڕایگەیاند کە کۆبوونەوەکە بەڕێوەچووە.
لە کۆبوونەوەکەدا، هەردوولا سەرنجیان خستە سەر قووڵکردنەوەی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکان، پێشهاتەکانی ناوچەکە و پرسە ئاسایشییە هاوبەشەکان. هەروەها دوایین پێشهاتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەو ئاڵنگارییانەی ڕووبەڕووی ناوچەکە بوونەتەوە تاوتوێ کران.
فوئاد حسێن ستایشی هەوڵەکانی تورکیای کرد لە ماوەی سەرۆکایەتیکردنی ئەنجومەنی وەزیرانی دەرەوەی ڕێکخراوی ھاوکاریی ئیسلامیدا و ڕۆڵی ئەنقەرەی لە بەهێزکردنی هاوپشتیی نێوان وڵاتانی ئیسلامیدا بەرز نرخاند. هەردوو وەزیر جەختیان لە گرنگیی دیالۆگ، هەماهەنگی و هاوپشتی کردەوە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی قەیرانەکانی ئێستا و دەستەبەرکردنی ئاشتی و سەقامگیریی بەردەوام.
سەرچاوە: Kurdistan24