
کۆمپانیای فلای ئەربیل، گەشتە ڕاستەوخۆکانی هەولێر-دیمەشق لە ٢ی کانوونی یەکەمەوە دەست پێ دەکات
کۆمپانیای فلای ئەربیل لە ٢ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٦ەوە، هەفتانە سێ جار گەشتی ڕاستەوخۆ لە نێوان هەولێر و دیمەشق ئەنجام دەدات.
کۆمپانیای فڕۆکەوانیی فلای ئەربیل ڕای گەیاند کە لە ڕێکەوتی ٢ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٦ەوە، گەشتی ڕاستەوخۆ لە نێوان هەولێر و دیمەشق بە ڕێژەی سێ جار لە هەفتەیەکدا دەست پێ دەکات.
لاوەند مەمووندی، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری (CEO) کۆمپانیای فلای ئەربیل، لە ١٧ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦ لە لێدوانێکدا بۆ کوردستان٢٤ ڕای گەیاند، ئەم گەشتانە کۆمپانیاکەیان دەکاتە یەکەم کۆمپانیای فڕۆکەوانیی کوردی و عێراقی کە گەشتی ڕاستەوخۆ بۆ سووریا ئەنجام دەدات.
دەستەی فڕۆکەوانیی شارستانیی سووریا ڕای گەیاند، ئەم هێڵە نوێیە ئامانجی بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی گواستنەوەی ئاسمانییە لە نێوان کۆماری عەرەبیی سووریا و هەرێمی کوردستان، هەروەها بەشداری دەکات لە هەمەجۆرکردنی گەشتیاران و فراوانکردنی تۆڕی فڕۆکەخانەکان.
لە ئێستادا گەشتە ڕاستەوخۆکانی نێوان هەولێر و دیمەشق لەلایەن کۆمپانیای فلای شامەوە ئەنجام دەدرێت کە هەفتانە سێ گەشت پێشکەش دەکات.
سەرچاوە: Kurdistan24