
یاسای هەڵوەشاندنەوەی سندوقەکان لە پەرلەمانی تورکیا پەسەند کرا
بە یاسایەکی نوێ، گەڕاندنەوەی ئەو سەروەت و سامانانەی بە نایاسایی لەو سندوقە وەبەرهێنانانە دەرهێنراون کە بڕیاری هەڵوەشاندنەوەیان دراوە و پێدانیان بە وەبەرهێنەران، خرایە ژێر چەتری یاسایی.
لە کۆبوونەوەی گشتی پەرلەمانی تورکیا، "پێشنیارە یاسای تایبەت بە هەندێک سندوقی وەبەرهێنان کە بڕیاری هەڵوەشاندنەوەیان دراوە" پەسەند کرا و بوو بە یاسا. یاسای نوێ ئەو پرۆسەیەی کردە خاوەن گەرەنتی یاسایی کە پەیوەستە بە گەڕاندنەوەی ئەو سامانانەی بە نایاسایی لەو سندوقانە دەرهێنراون کە لە قۆناغی هەڵوەشاندنەوەدان، هەروەها وەرگرتنەوەیان لە بەرپرسان و پێدانیان بە وەبەرهێنەران.
ئەم ڕێکخستنە ئەو سندوقانە دەگرێتەوە کە بە بڕیاری دەستەی بازاڕی سەرمایە (SPK) لە ڕێکەوتی ١٧ی ئەیلولی ٢٠٢٦ بڕیاری هەڵوەشاندنەوەیان بۆ دەرچووە و هێشتا پرۆسەی هەڵوەشاندنەوەکەیان تەواو نەبووە. ئامانج لەم کارە، شەفافانە و بە شێوەیەکی کاریگەر گۆڕینی سەروەت و سامانی سندوقەکانە بۆ پارەی کاش، وەرگرتنەوەی ئەو زیانانەیە کە دروست کراوە لە بەرپرسانی، و پێدانی دادپەروەرانەیە بە خاوەن پشکەکانی سندوقەکە.
دەکرێت بڕی پارەیەک وەک پێشەکی بە خاوەن پشکەکانی سندوقەکە بدرێت کە لە ١ ملیۆن لیرەی تورکی تێپەڕ نەبێت، بە مەرجێک لە بڕی دیاریکراوی وەبەرهێنانی پاک زیاتر نەبێت. ئەگەر ئەو پارەیەی بۆ دابەشکردن ئامادەیە کەم بوو، دەستەکە پێشینە دەدات بەو وەبەرهێنەرە بچووکانەی کە کەمترین بڕی وەبەرهێنانی پاکیان هەیە. ئەو کەس و دامەزراوانەی کە تێوەگلاون لە ساختەکاری بازاڕ، بەکارهێنانی نایاسایی زانیاری یان هەر کارێکی دیکە کە بازاڕ تێک بدات، هیچ پارەیەک لە حیسابی هەڵوەشاندنەوەکە وەرناگرن.
بەرپرسیارانی سەرەکی کۆمپانیاکانی بەڕێوەبردنی پۆرتفۆلیۆ دەبن؛ لە حاڵەتی نەتوانینی وەرگرتنەوەی قەرزەکاندا، ئەو کەسە سروشتی و یاساییانەی دەستیان لە سەرپێچییەکاندا هەبووە، بە سەروەت و سامانی تایبەتی خۆیان بەرپرسیار دەبن. وەرگرتنەوەی قەرزەکان لەلایەن سندوقی بیمەی سپاردەی پارە (TMSF) بەڕێوەدەبرێت؛ TMSF دەتوانێت قەیوم بۆ موڵک و ماڵی بەرپرسیاران دابنێت و پێش چاوەڕوانی ئەنجامی دادگا، ئەو موڵکانە بفرۆشێت و هەڵیانبوەشێنێتەوە. ئەو موڵکانەی دەستیان بەسەردا دەگیرێت ناخرێنە سەر خەزێنەی دەوڵەت، بەڵکو دەدرێنە وەبەرهێنەران؛ ئەو سامانانەی لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەی تاوانکاری دەستیان بەسەردا گیراوە یان دەستیان بەسەردا دەگیرێت، ڕاستەوخۆ دەخرێنە سەر "هەژماری گەڕاندنەوە" لەلای TMSF و تەنها لە ڕێگەی ناوەندی قەرەبووکردنەوەی وەبەرهێنەران (YTM) بەسەر خاوەن سندوقەکاندا دابەش دەکرێن.
سەرچاوە: کوردستان٢٤