
وەزیری بازرگانیی تورکیا عومەر بۆڵات وەڵامی ئیدیعاکانی تایبەت بە سندوقی وەبەرهێنانی دایەوە
وەزیر ڕایگەیاند کە ئیدیعاکان بە بەڵگەنامەی ساختە و دەستکاری کردن دروستکراون، هەژمارەکەی دانەخراوە و هیچ پارەیەکی لە سندوقەکان نەکێشاوەتەوە.
وەزیری بازرگانیی تورکیا عومەر بۆڵات، وەڵامی ئەو ئیدیعانەی دایەوە کە لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەکانی سندوقی وەبەرهێناندا لەبارەی خۆی و خێزانەکەیەوە هێنراونەتە ئاراوە. ناوبراو جەختی لەوە کردەوە کە ئیدیعاکان بە دروستکردنی بەڵگەنامەی ساختە و دەستکاریکردن ئامادەکراون و "بە هیچ شێوەیەک پرۆسەی داخستنی هەژمار یان ڕاکێشانی پارە ڕووی نەداوە."
بۆڵات بیرهێنایەوە کە لە ١٦ی ئەیلوولدا لە ئەنجامی بڕیارێکی حکومەتدا، لێکۆڵینەوە لە دژی ٧ کۆمپانیای بەڕێوەبردنی سەرمایە و ١٣١ سندوقی وەبەرهێنانی سەر بەو کۆمپانیایانە دەستپێکراوە و چەند بانکێک بۆ بەڕێوەبردنی پرۆسەی هەڵوەشاندنەوەی سندوقەکان دیاری کراون.
بۆڵات ئاماژەی بەوەش کرد، پێش ئەوەی لێکۆڵینەوەکە کۆتایی بێت، ئەندامێکی پارتییەکی نوێ و سەرۆکی ئەو پارتییە پرۆسەکەیان بۆ هەڵمەتێکی قۆستنەوەی سیاسی و ناوزڕاندن گۆڕیوە و گوتی: "دوو کەس کە ئامانجیان زڕاندنی ناوبانگ بوو، بوختانی ئەوەیان کرد کە 'عومەر بۆڵات پێش ئۆپەرسیۆنەکە هەژمارەکەی لە سندوقەکەدا داخستووە' و '٤٠٠ ملیۆنی داناوە و ٨٠٠ ملیۆنی ڕاکێشاوە'"، هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە لە ماوەی یەک کاتژمێردا بە ڕوونکردنەوەی تەواوی ڕاستییەکان ئەو ئیدیعانەیان بەاڵتاڵ کردووەتەوە.
وەزیر گوتیشی لە کاتی وەرگرتنی پۆستی وەزارەتدا بەپێی یاسا سەروەت و سامانی خۆی ڕاگەیاندووە، بۆ ماوەی ٤٣ ساڵ لە پلە باڵاکانی جیهانی کاردا بووە و لە ٢٦ی شوباتی ٢٠٢٤دا بڕی ٣٧.٨ ملیۆن لیرەی لە هەژماری سوکوک/بەڵگەنامەی کرێ لە کۆمپانیای وەبەرهێنانی هەدەف داناوە و هیچ قازانجێک یان گەڕانەوەیەکی لەو وەبەرهێنانە وەرنەگرتووە. جگه لەوەش رایگەیاند کە تەواوی پرۆسەکانی دانانی پارە لە تورکیا لە ڕێگەی بانکەکانەوە دەکرێن، سوکوک ئامرازێکی بێسوودی بازاڕی داراییە و خۆی هیچ هەژمارێکی دراوی دیجیتاڵی یان پاشەکەوتی لە دەرەوەی وڵات نییە.
سەرچاوە: Kurdistan24