
خوێندکاران لە فەرەنسا بەردەوام دەبن لە خۆپیشاندان بۆ باشترکردنی بارودۆخی خوێندن
خوێندکارانی ئامادەیی و زانکۆ لە فەرەنسا، بەپێچەوانەی هاوکارییە نوێیەکانی حکومەت بۆ کەرتی پەروەردە، بەردەوامن لە ناڕەزایەتییەکانیان.
سەرۆک وەزیرانی فەرەنسا سێباستیان لێکۆرنو، لە پاریس لەگەڵ نوێنەرانی سەندیکاکانی خوێندکارانی ئامادەیی و زانکۆ کۆبووەوە. ئیدوارد جێفرای، وەزیری پەروەردە، دوای کۆبوونەوەکە ڕایگەیاند کە ٤ ملیار یۆرۆ قەرزی زیادە دەدرێتە ئیدارەی پارێزگا و هەرێمەکان بۆ نۆژەنکردنەوەی بینای قوتابخانەکانی ناوەندی و ئامادەیی.
جێفرای جەختی لەوە کردەوە کە دەبێت ژمارەی خوێندکاران لە هەر پۆلێکدا کەم بکرێتەوە و ئاماژەی بەوە دا کە ساڵی داهاتوو لە نیوەی ئەو ئامادەییانەی ڕەوشیان خراپە، ژمارەی خوێندکارانی پۆلێک بۆ ۲۸ خوێندکار دیاری دەکرێت و لە نیوەکەی دیکەشدا ئەم بڕیارە لە ساڵی خوێندنی ۲۰۲۸ دەخرێتە بوار بەکارهێنانەوە. هەروەها ڕایگەیاند کە ٥٠٠ شوێنی نوێ بۆ مامۆستایانی ئامادەیی دەکرێتەوە و هەڵوەشاندنەوەی ٨٣٦ شوێنی مامۆستایان کە پێشتر پلانی بۆ دانرا بوو، ڕادەگیرێت.
فیلیپ باپتیست، وەزیری بەرپڕس لە خوێندنی باڵا و توێژینەوە، ڕایگەیاند کە ١ ملیار یۆرۆی زیادە بۆ نۆژەنکردنەوەی بیناکانی زانکۆ تەرخان دەکرێت. ناوبراو ئاشکرای کرد کە لە ساڵی ۲۰۲۷دا گۆڕانکارییەکی گرنگ لە پلاتفۆرمی Parcoursup دەکرێت و لە ساڵی ۲۰۲۸دا پلاتفۆرمێکی نوێ دەکەوێتە کار. لە خوێندنی باڵاشدا شوێنی زیادە بۆ ۱۵ هەزار خوێندکار دەکرێتەوە و بەخششی دارایی خوێندکاران بەپێی ڕێژەی هەڵئاوسان دیاری دەکرێت.
لە لایەکی دیکەوە، نوێنەرانی سەندیکا جیاوازەکانی خوێندکارانی ئامادەیی و زانکۆ، سەرەڕای ڕاگەیەندراوەکانی حکومەت، داوایان کرد بە مەبەستی باشترکردنی بارودۆخی خوێندن بەردەوام بن لە خۆپیشاندانەکان. سابرین کارباچ، وتەبێژی یەکێتیی خوێندکاران (UE) ڕایگەیاند کە دەستکەوتەکان زۆر کەمن و هاوتەریب لەگەڵ داوای سەندیکاکانی ڕێنیشاندانی کارگەکان بۆ مانگرتنی گشتی لە ٥ی تشرینی دووەم، بەردەوام دەبن لە شۆڕش و چالاکییەکانیان.
سەرچاوە: Kurdistan24