
فەڕەنسا ئێران بە بەرپرسیار دەزانێت لە هێرشی سایبەری بۆ سەر سیستەمەکانی ساردکەرەوەی مارکێتەکان
فەڕەنسا هاککردنی سیستەمەکانی ساردکەرەوەی لە ۱۱ و ۱۲ی تشرینی یەکەمدا بە سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامیی ئێرانەوە بەستەوە.
فەڕەنسا لە ڕێگەی ڕاپۆرتێکەوە کە لەلایەن ناوەندی هەماهەنگیی قەیرانە ئەلیکترۆنییەکانی فەڕەنساوە ئامادە کراوە، ئاشکرای کرد کە هێرشە سایبەرییەکان بۆ سەر سیستەمەکانی ساردکەرەوەی زنجیرە مارکێتەکانی وڵاتەکەی لە ۱۱ و ۱۲ی تشرینی یەکەمدا ڕوویان داوە.
ژان نۆئێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی لە ڕۆژی دووشەممە ۹ی تشرینی دووەمی ۲۰۲٦ پشتڕاستی کردەوە کە هێرشەکە لەلایەن سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران (IRGC) ئەنجام دراوە و ئاماژەی بەوە دا کە هێرشەکە لە ڕووی قەبارە و سروشتی دوژمنکارانەیەوە بێوێنە بووە. وەزیر ئاشکرای کرد کە لەسەر ئاستی یەکێتیی ئەورووپا سزای پێویست بەسەر بەرپرساندا دەسەپێندرێت.
ڕاپۆرتەکە دوو یەکەی هێرشبەر بە ناوەکانی "شەهید کاوە" و "شەهید شووشتەری" کە سەر بە فەرماندەیی سایبەری و ئەلیکترۆنیی سوپای پاسدارانن، بە بەرپرسیار دەزانێت. حەمیدڕەزا لەشکەریان وەک بەرزترین بەرپرس لە فەرماندەییەکەدا، وەک فەرماندەی گشتی کار دەکات و بەرپرسە لە پلان دانان و بەڕێوەبردنی ئۆپراسیۆنەکان. مەهدی لەشکەریان، جێگری ڕاستەوخۆی حەمیدڕەزا، بەرپرسیاریەتیی یەکەی "شەهید کاوە"ی لەئەستۆدایە.
حەمیدڕەزا لەشکەریان پێشتر لەلایەن وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکاوە خرابووە لستەی سزاکانەوە، بەهۆی تێوەگلانی لە هێرش بۆ سەر ژێرخانە هەستیارەکان، وەک سیستەمی کۆنترۆڵکردنی ئاوی Unitronics و نەخۆشخانەی منداڵانی بۆستن. باڵیۆزی ئێران لە پاریسیش بانگهێشتی وەزارەتی دەرەوەی فەڕەنسا کرا.
سەرچاوە: Rûdaw