
وەزیری دەرەوەی عێراق: کۆنتڕۆڵکردنی چەکەکان لەلایەن دەوڵەتەوە لە حوزەیرانی ٢٠٢٧ کۆتایی پێدێت
دوای کشاندنەوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، عێراق پلانی هەیە پرۆسەی ڕادەستکردنی چەکەکان بە دەوڵەت تا حوزەیرانی ٢٠٢٧ تەواو بکات.
فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق ڕایگەیاند دوای کشاندنەوەی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە وڵات، عێراق دەچێتە قۆناغێکی نوێوە و گوتیشی پرۆسەی خستنەژێر چاودێری چەکەکان لەلایەن دەوڵەتەوە تا حوزەیرانی ٢٠٢٧ تەواو دەبێت. وەزیر ئاماژەی بەوەش کرد، گفتوگۆکان لەگەڵ سەرکردەی گرووپە چەکدارەکان دەربارەی ڕادەستکردنی چەکەکان بەردەوامە و بەغدا پلانێکی نوێی بۆ ئەم بابەتە ئامادە کردووە.
لای خۆشیەوە، سەرۆک وەزیران عەلی زەیدی لە لێدوانێکدا لە ٢١ی ئەیلوول ڕایگەیاند، پرۆسەی ڕادەستکردنی چەکی گرووپە چەکدارەکان بە دەوڵەت لە حوزەیرانی ٢٠٢٧ کۆتایی پێدێت. زەیدی ئاماژەی بەوە کرد کە قۆناغی یەکەمی پرۆسەکە ٩٠ ڕۆژ دەخایەنێت و دواتر ڕادەستکردنی پلە بە پلی چەکەکان دەست پێدەکات.
حسێن ئاماژەی بە بابەتی ڕاگرتنی گەشتە ئاسمانییەکان لەگەڵ ئێران کرد و گوتی، گفتوگۆ لەگەڵ ئەمریکا دەربارەی سزاکان بەڕێوەدەچێت و سزاکانی نوێی ئەمریکا کەرتی فڕۆکەوانی ئێرانی کردووەتە ئامانج. هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە شەڕ لە ئێران کاریگەری خراپی لەسەر ئابووری عێراق هەبووە و بەردەوامبوونی هەناردەکردنی نەوت، کە سەرچاوەی سەرەکی داهاتی وڵاتەکەیە لە ڕێگەی گەرووی هورمزەوە، لەگەڵ ئەمریکا هەماهەنگی بۆ دەکرێت و هەر تێکچوونێک لەم بابەتەدا سەرچاوەی نیشاندانی نیگەرانی جدییە بۆ بەغدا.
سەرچاوە: Rûdaw