
لێس خەزعەلی لە عەسائیبی ئەهلی حەقەوە بۆ جێگری سەرۆک وەزیرانی عێراق
لێس خەزعەلی، یەکێک لە دامەزرێنەرانی عەسائیبی ئەهلی حەق، لە ١٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦ متمانەی پەرلەمانی بەدەستهێنا و وەک جێگری سەرۆک وەزیرانی عێراق لە حکومەتی نوێدا دەستنیشانکرا.
لێس خەزعەلی وەک یەکێک لە کەسایەتییە دامەزرێنەرەکانی بزووتنەوەی عەسائیبی ئەهلی حەق، بۆ ماوەیەکی درێژ لە باڵی سەربازیی بزووتنەوەکەدا کاری کردووە. لە ساڵی ٢٠٠٥دا لەگەڵ قەیس خەزعەلی برای و ئەکرەم ئەلکەعبی لە ڕەوتی سەدر جیابوونەوە و بزووتنەوەی عەسائیبی ئەهلی حەقیان وەک پێکهاتەیەکی سەربەخۆ دامەزراند. لە ئاداری ٢٠٠٧دا لەلایەن هێزەکانی بەریتانیاوە لە بەسرە دەستگیرکرا و دوو ساڵ لە زینداندا مایەوە؛ لە ساڵی ٢٠٠٩دا لە چوارچێوەی ئاڵوگۆڕی بارمتەکاندا ئازاد کرا.
دوای ئەوەی لە ساڵی ٢٠١٤ داعش ناوچەیەکی فراوانی عێراقی داگیرکرد، لێس خەزعەلی بوو بە یەکێک لەو کەسایەتییانەی کە لە ئۆپەراسیۆنەکانی عەسائیبی ئەهلی حەق دژی داعش ڕۆڵی بەرچاوی هەبوو. لەو ماوەیەدا بزووتنەوەکە لەلایەن ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤەوە بەهۆی تۆمەتی پێشێلکاری بەرامبەر بە هاووڵاتیانی مەدەنی لە تکریت و دەوروبەری و هەروەها تێکدانی موڵک و ماڵ ڕووبەڕووی ڕەخنە بووەوە. لە ساڵی ٢٠١٥شدا تۆمەتی پەیوەست بە داماڵینی کەلوپەلەکانی پاڵاوگەی بێجی خرایە پاڵی.
ڕۆژی پێنجشەممە ١٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦، لێس خەزعەلی متمانەی پەرلەمانی بەدەستهێنا و وەک جێگری سەرۆک وەزیرانی عێراق لە حکومەتی نوێدا دەستنیشانکرا. جۆ ویڵسن، ئەندامی کۆنگرێسی ئەمریکا لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس، ناڕەزایەتی خۆی بەرامبەر بەو دەستنیشانکردنە دەربڕی و ئاماژەی بەوە کرد کە ناوی خەزعەلی لە لیستی تیرۆردا هەیە و بانگەشەی ئەوەی کرد کە ئەو بزووتنەوەیە بەرپرسە لە کاریگەرییەکانی ئێران.
سەرچاوە: Rûdaw