
لە لێکۆڵینەوەی گوڵستان دۆکودا، ئەفسەرێکی پۆلیس ئاشکرای کرد کە فەرمانیان پێکراوە زانیاری بە خێزانەکەی نەدەن
ئیسماعیل ئەرزەن، ئەفسەری بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی دێرسیم ڕایگەیاند کە کارەکانی گەڕان لە بەنداوی شارەکە لەلایەن پارێزگاوە بەڕێوەبراوە و فەرمانیان پێکراوە هیچ زانیارییەک بە خێزانەکەی نەدەن.
ئیسماعیل ئەرزەن، ئەفسەری بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی دێرسیم ڕایگەیاند کە لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەکان لە دیارنەمانی گوڵستان دۆکودا، کارەکانی گەڕان لە بەنداوەکە لەلایەن پارێزگاوە سەرپەرشتی کراوە و فەرمانیان پێکراوە کە "هیچ زانیارییەک بە خێزانەکەی نەدەن".
ئەرزەن ئاماژەی بەوە کرد کە ئەو فەرمانەی پێیان کراوە بۆ ئەوەی زانیاری لەسەر ئەو کەلوپەلانەی لە ژێر ئاوەکە دەرهێنراون بە خێزانەکەی نەدرێت، دوای هەفتەیەک یان دە ڕۆژ بە خێزانەکەیان گەیاندووە، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی متمانەی خێزانەکە بە پۆلیس و کارەکانی گەڕان کەم ببێتەوە. ناوبراو وتی کە لەبیر نییە فەرمانەکە لەلایەن کێوە دراوە و نایەوێت تۆمەتی بێ بنەما بخاتە پاڵ کەس.
هەروەها ئەرزەن وتی، ئەو دیمەنانەی کامێرای ناو ئۆتۆمبێل کە پێدەچێت هی گوڵستان دۆکو بێت، لەسەر پردەکە دەستکەوتووە و ئەو دیمەنانە بە نووسراو ڕەوانەی داواکاری گشتی کراوە، بەڵام دوای ئەوەی لە میدیاکاندا بڵاوکرایەوە، لێکۆڵینەوە لە کارمەندانی بەشەکە کراوە.
گوڵستان دۆکو، خوێندکاری قۆناغی دووەمی بەشی گەشەپێدانی منداڵان لە زانکۆی مونزور، تەمەنی ٢١ ساڵ بوو و لە ٥ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٠ەوە هیچ هەواڵێکی نییە.
سەرچاوە: Kurdistan24