
قەدەغەکردنی مۆبایل لە کارگەی ئاسن و پۆڵای هاباش کرێکارانی ناچار بە مانگرتن کرد
کرێکارانی دەوامی بەیانیان لە دژی قەدەغەکردنی مۆبایل، چوونە بەردەم کارگەکە و دەستیان بە مانگرتن کرد.
لە کارگەی ئاسن و پۆڵای هاباش لە قەزای عەلی ئاغای سەر بە پارێزگای ئیزمیر، بڕیاری قەدەغەکردنی هێنانی مۆبایل بۆ ناو کارگەکە دەرچوو. لەو ئاگادارییەی لە دەروازەی کارگەکە هەڵواسراوە، هاتووە کە هەر کەسێک مۆبایلەکەی ڕادەست نەکات، ڕێگەی پێنادرێت لە دەروازەکانەوە بچێتە ژوورەوە. کرێکارانی دەوامی بەیانیان بەهۆی ئەوەی ئەم مەرجەیان قبوڵ نەکرد، لە دەروازەکانەوە نەچوونە ژوورەوە و دەستیان بە مانگرتن کرد و لە بەردەم کارگەکەدا کۆبوونەوە.
هەروەها ئاماژە بە ڕووداوەکەی ٩ی تشرینی دووەمی کارگەکەش کرا: بەهۆی کەوتنی کرێنێکی سەقف و بەرکەوتنی بە بۆری گازی سروشتی، تەقینەوەیەکی گەورە ڕوویدا، کە تێیدا ١٩ کرێکار گیانیان لەدەست دا و ١٤ کرێکاری دیکەش بریندار بوون. لە چوارچێوەی ئەو لێکۆڵینەوەیەی لەلایەن داواکاری گشتیی عەلی ئاغاوە دەستی پێکردووە، ١١ گومانلێکراو دەستبەسەر کران، ٩ کەسیان زیندانی کران و بۆ محەمەد ڕوشتو باشاران، سەرۆکی ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی هاباش و گومانلێکراوێکی دیکەش، بڕیاری دەستبەسەری لە ماڵەوە وەک ڕێوشوێنی کۆنترۆڵی دادوەری دەرکرا.
گرژی لە نێوان ئەو کرێکارانەی دژی قەدەغەکردنی مۆبایل ناڕەزایەتییان دەربڕی و بەرپرسانی کارگەکەدا دروست بوو. کەسێک کە دەگوترێت بەرپرسە، هێرشی کردە سەر نوێنەری سەندیکاکە و لە ئەنجامدا ئاڵۆزی دروست بوو. لە کاتی ڕووداوەکەدا بینرا کە کرێکاران هێرشیان کردووەتە سەر ئەو کەسە.
سەرچاوە: Kurdistan24