
تەمومژێکی خەست دوای بارانبارین لە جۆلەمێرگ کاریگەری لەسەر بارودۆخی ڕێگەوبانەکان دروست کرد
دوای بارانبارین لە بەرزاییەکانی جۆلەمێرگ ئاستی بینین بۆ چەند مەترێک کەمی کردییەوە و بووە هۆی پەککەوتنی هاتووچۆ.
لە دوای شەپۆلێکی بارانبارین لە جۆلەمێرگ، تەمومژ تەواوی شارەکەی گرتەوە. بەتایبەتی لە ناوچە بەرزەکاندا تەمومژەکە ئەوەندە خەست بووەوە کە لە هەندێک شوێن بووە هۆی ئاستەنگ لە هاتووچۆدا.
لە بەرزاییەکانی ڕێگەی شارەدێی دووڕانکایا (Durankaya) کە سەر بە ناوەندی شارەکەیە، بەهۆی تەمومژەکەوە ئاستی بینین لە هەندێک شوێندا بۆ چەند مەترێک کەمی کرد. شۆفێران ناچار بوون فلاش و گڵۆپەکانی تەمومژی ئۆتۆمبێلەکانیان هەڵبکەن و بە وریاییەوە بڕۆن.
هاووڵاتییان داوایان کرد ڕێگەوبانەکان هێڵکارییان بۆ بکرێتەوە و هێماکانی هاتووچۆ چاک بکرێن، بەتایبەتی لەو ڕێگەیانەی لە وەرزی زستاندا ئاستەنگی زۆریان تێدا دروست دەبێت، تاوەکو ئاسایشی ڕێگەوبانەکان زیاتر بێت.
سەرچاوە: Hakkâri İl Sesi