
حەشدی شەعبی: چەک ڕادەست ناکرێتەوە، بەڵکو ڕێک دەخرێتەوە؛ کشانەوەی هاوپەیمانان سەروەریی عێراق بەهێز دەکات
حەشدی شەعبی ڕایگەیاند، چەکی گرووپە چەکدارەکان ڕادەستی حکومەتی عێراق ناکرێتەوە، بەڵکو ڕێک دەخرێتەوە و کشانەوەی هاوپەیمانانیش سەروەریی وڵات بەهێزتر دەکات.
ڕۆژی دووشەممە 21ی ئەیلوولی 2026، موهەننەد ئەلئیکابی، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و پەیوەندییە گشتییەکانی حەشدی شەعبی لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کوردستان24، هەڵسەنگاندنی بۆ دۆخی سیاسی و ئەمنیی عێراق کرد.
ئاماژەی بەوە دا کە ئەرکی سەربازیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتیی ئەمریکا لە عێراق لە 30ی ئەیلوولی 2026 کۆتایی پێدێت و لەو بەروارەوە هێزەکان لە شەڕی مەیدانیی دژی داعشەوە دەبنە هاوکاریی ئەمنی و ڕاوێژکاریی دووقۆڵی. ئیکابی گوتی، کشانەوەی هاوپەیمانان هەنگاوێکە بۆ بەهێزکردنی سەروەریی خاکی عێراق.
ئیکابی دووبارەی کردەوە کە هەر جۆرە هێرشێک بۆ سەر هەولێر و پارێزگاکانی دیکە بە تەواوی ڕەتکراوەیە، و ڕوونیشی کردەوە کە گرووپە چەکدارەکان چەکەکانیان ڕادەستی حکومەتی عێراق ناکەنەوە، بەڵکو چەکەکان ڕێک دەخرێنەوە و ئەم پرۆسەیەش لەلایەن حکومەتی فیدراڵەوە پشتیوانی دەکرێت.
ئیکابی ئاماژەی بەوەش کرد، بڕوایان وایە تەواوی هێزە ئەمنییەکانی عێراق توانای پاراستنی ئاسایشی ناوخۆییان هەیە بێ ئەوەی پێویستیان بە پشتیوانیی دەرەکی یان بیانی هەبێت، و جەختیشی کردەوە کە بە توندی دژی ململانێی ناوخۆیی و دەستوەردانی دەرەکین بۆ پاراستنی سەقامگیریی وڵات.
سەرچاوە: Kurdistan24