
لە حەسەکە لە ماوەی دوو مانگدا ٤ کەس بەهۆی تەقەی خۆشییەوە گیانیان لەدەست دا
لە ناوچەی حەسەکەی ڕۆژئاوا، بەهۆی تەقەکردن لە بۆنە و ئاهەنگەکاندا چوار کەس گیانیان لەدەست دا و چل و دوو کەسی دیکەش بریندار بوون.
لە پارێزگای حەسەکە کە دەکەوێتە ناوچەی ڕۆژئاوای باکووری سووریا، بەپێی ئامارەکانی هێزە ئەمنییەکان، لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوودا بەهۆی تەقەکردن لە ئاهەنگ و بۆنەکاندا چوار کەس گیانیان لەدەست داوە و ٤٢ کەسی دیکەش بریندار بوون.
لە نێو ئەو قوربانییانەدا، محەمەدی تەمەن ٦ ساڵان هەیە کە لە شاری قامیشلۆ خەریکی ئامادەکاری بوو بۆ چوونە قوتابخانە. محەمەد کاتێک لەگەڵ خوشکەکەی سێلین بەرەو دوکانێک دەچوون، فیشەکێکی وێڵ بەر سەری کەوت و بە سەختی بریندار بوو، پاش چوار ڕۆژ مانەوە لە ژێر چاودێری وردی پزیشکیدا لە نەخۆشخانە گیانی لەدەست دا.
خێزانی محەمەد، دایکی حەنان حەمۆ، داپیرەی جیھان محەمەد، باپیرەی حەیستان سلێمان و مامی ڕۆدی سلێمان، ڕایانگەیاند کە بە خەم و تووڕەیییەکی زۆرەوە پێشوازییان لە مەرگی منداڵەکەیان کردووە و سەرەڕای ئەوەی ڕووداوەکە بە ئەنقەست نەبووە، بەڵام کەموکوڕیی ئەمنی هەیە. مامی منداڵەکە، ڕۆدی سلێمان، جەختی لەوە کردەوە کە فیشەکەکە بەر مێشکی کەوتووە و کاسەی سەری پارچە پارچە کردووە و هۆشداری دا کە ڕووداوی لەم شێوەیە دەکرێت کاریگەری لەسەر منداڵانی دیکەش هەبێت.
تا ئێستا هیچ ڕێکارێکی یاسایی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تەقەکردن لە ئاهەنگەکاندا نەخراوەتە بواری جێبەجێکردنەوە و هیچ کەسێکیش لەسەر ئەم ڕووداوە دەستگیر یان زیندانی نەکراوە. داوا دەکرێت بەرپرسان ڕێوشوێنە ئەمنییەکان توندتر بکەن و ڕێکارێک دابنێن بۆ ئەوەی ڕێگری لە تەقەکردن لە ئاهەنگەکاندا بکرێت.
سەرچاوە: Rûdaw