
هێمن هەورامی لە پارتی: پڕۆژەیاسای نوێی بودجەی عێراق خراپترینە
هێمن هەورامی ڕەخنەی لە پڕۆژەیاسای نوێی بودجەی عێراق گرت و بە خراپترین پڕۆژە ناوی برد کە ئامانج لێی سزادانی خەڵکی کوردستانە.
هێمن هەورامی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، ڕۆژی شەممە ٢٤ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦ لە چوارەمین کۆڕبەندی گوڵەخانە، پڕۆژەیاسای نوێی بودجەی کە لەلایەن بەغداوە ئامادە کراوە، بە "خراپترین پڕۆژە لە مێژووی عێراقدا" و بەڵگەنامەیەک کە "ڕاستەوخۆ ئامانجی سزادانی خەڵکی کوردستانە" ناوبرد و بە توندی ڕەخنەی لێ گرت.
هەورامی لە وتارەکەیدا جەختی لەوە کردەوە کە سیستەمی جیهانی لە قۆناغی گواستنەوە بۆ فرەجەمسەرییە و پێوەرەکانی هێز چیتر تەنها بە توانای سەربازی سنووردار نین. وەک نموونە ئاماژەی بە تایوان کرد کە سەرەڕای ئەوەی دەوڵەتێکی سەربەخۆ نییە، بەڵام بەهۆی بەرهەمهێنانی مایکرۆچیپەوە پێگەیەکی گرنگی لە تەکنەلۆژیای نێودەوڵەتیدا هەیە.
هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە لە سەرانسەری جیهاندا ٦١ جەنگی چالاک هەن و ئەم دۆخە سەردەمێکی بێ ئاشتی و ناجێگیری دروست کردووە کە لە مێژوودا وێنەی نەبووە. ڕایگەیاند کە دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان لاواز بوون و شۆڕشی تەکنەلۆژیا و زیرەکی دەستکرد بە خێرایی هاوسەنگییە سیاسی و ئەمنییەکان دەگۆڕن.
لە چوارچێوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، هەورامی باسی لەوە کرد کە ناوچەکە بە قەیرانێکی قووڵی شەرعیەت و ناسنامەدا تێپەڕ دەبێت، هەوڵەکانیش بۆ گۆڕینی دەستووری عێراق پێکهاتەی فیدراڵی هەرێمی کوردستان دەکەنە ئامانج، بۆیە جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە تێگەیشتنێکی هاوبەش لە نێوان هەموو هێزە سیاسییەکاندا بۆ پاراستنی پێگەی دەستووریی هەرێم دروست بکرێت.
سەرچاوە: Kurdistan24