
سەرۆکی لقی ئامەدی جەهەپە پەرچەکرداری بەرامبەر ئۆپەراسیۆنی دژی "هەڤبەندی" نیشان دا
سەرۆکی لقی ئامەدی جەهەپە، سەرتاچ ئەکە، ڕەخنەی لە ئۆپەراسیۆنی دەستبەسەرکردنی سەر بە هەڤبەندیی نیشتمانیی کوردستان گرت.
داواکاری گشتیی ئامەد لێکۆڵینەوەیەکی لەسەر "هەڤبەندیی نیشتمانیی کوردستان" (HEVBENDÎ) دەستپێکرد کە لە ٧ی تشرینی دووەمدا لەلایەن لایەنەکانی وەک پارتی سۆسیالیستی کوردستان، پارتی دیموکراتی کوردستان/باکوور، پارتی وڵاتپارێزانی کوردستان، پەلکورد، ڤژین و دەستپێشخەریی نیشتمانیی کوردستانەوە پێکهێنرا بوو. لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەکەدا، بڕیاری دەستبەسەرکردن بۆ ژمارەیەکی زۆر لە سیاسییەکان دەرچوو، لەنێویاندا سەرۆکی گشتیی پەیەسەکە بایرام بۆزیەل، و کەسە دەستبەسەرکراوەکان لەلایەن داواکاری گشتییەوە لێکۆڵینەوەیان لێکرا.
سەرۆکی لقی ئامەدی جەهەپە سەرتاچ ئەکە لە ڕاگەیەندراوێکی نووسراودا دەربارەی ئۆپەراسیۆنەکە وتی: "کردەوەی بەرجەستە کە تاوان پێکدەهێنن بابەتێکی یاسایین؛ بەڵام هیچ کەسێک تەنیا لەبەر بیروڕای سیاسی، فكر یان ئامادەبوونی لە کۆبوونەوەیەکدا ناكرێت پێشوەختە بە تاوانبار دابنرێت." ئەکە جەختی لەوە کردەوە کە تێگەیشتنی دیموکراتی ئازادیی بیروڕا و دەربڕین بەپێی نزیکایەتیی سیاسی ناگۆڕێت و دەبێت ژینگەی سیاسەتی دیموکراتییانەی دوور لە توندوتیژی بپارێزرێت.
ئەکە ئاماژەی بەوەش کرد، بەتایبەتی لە قۆناغێکی هەستیاردا کە باسی چەکداماڵین، ئاشتی و براوەتی دەکریت، دەبێت هەموو پەرەسەندنێک کە ڕەنگە گۆڕەپانی سیاسەتی دیموکراتی تەنگ بکاتەوە، بە ووردییەوە هەڵسەنگاندنی بۆ بكرێت. ئەوەشی دیاری کرد کە ئاشتیی کۆمەڵایەتی تەنیا بە بێدەنگبوونی چەکەکان مەیسەر نابێت، بەڵکو بە دروستکردنی ژینگەیەکی متمانەدار دەبێت کە تێیدا بیروڕا جیاوازەکان بە ئازادی دەرببڕدرێن.
سەرچاوە: Rûdaw