
حکومەتی هندستان بانگەشەکانی ڕێگریکردن لە ستالینک ڕەت دەکاتەوە
وەزارەتی پەیوەندییەکان ڕایگەیاند پرۆسەی پێدانی مۆڵەت بە سێ کۆمپانیا لەوانەش ستارلینک دادپەروەرانە و شەفافە و هەڵسەنگاندنە ئاسایشییەکان بەردەوامن.
حکومەتی هندستان بە توندی ئەو بانگەشانەی ئیلۆن مەسکی ڕەتکردەوە کە گوتبووی ستارلینک لەلایەن ئۆلیگارشەکانی ئەو وڵاتەوە ڕێگری لە کارەکانی دەکرێت. وەزارەتی پەیوەندییەکانی هندستان لە ڕاگەیەندراوێکدا کە ئاژانسی NDTV بڵاوی کردووەتەوە، جەختی لەوە کردووەتەوە کە پرۆسەیەکی دادپەروەرانە و شەفاف بۆ ڕێگەپێدانی خزمەتگوزارییەکانی پەیوەندیی مانگی دەستکرد لە ئارادایە.
وەزارەتەکە وەبیری هێنایەوە کە مۆڵەت دراوە بە چەندین کۆمپانیا لەوانەش ستارلینک بۆ دابینکردنی ئینتەرنێتی مانگی دەستکرد و ڕایگەیاند کە هەموو کۆمپانیاکانی پەیوەندی دەبێت پابەندی پێوەرەکانی ئاسایشی نیشتمانی ببن. ڕاگەیەندراویشە کە هەڵسەنگاندنە ئاسایشییەکان بۆ سێ کۆمپانیا کە ستارلینکیان تێدایە هێشتا بەردەوامە.
مەسکو لە ڕێگەی بڵاوکراوەیەکەوە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی X بانگەشەی ئامادەنەبوونی خۆی لە بازاڕی هندستاندا کردبوو و گوتبووی بە مەبەستی پاراستنی دەسەڵاتی قۆرغکاریی هەندێک ئۆلیگارش ڕێگرییان لێ کراوە. وەزارەتەکەش ئاماژەی بەوە کرد کە ئەو بانگەشانە دوورن لە ڕاستییەوە و لەسەر بنەمای لێکتێنەگەیشتن دروست بوون.
ستارلینک خاوەنی گەورەترین تۆڕی مانگی دەستکردی جیهانە کە لە زیاتر لە ٦,٧٥٠ مانگی دەستکرد پێکهاتووە و بەردەوامە لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی ئینتەرنێتی هێڵی پان لەسەر ئاستی جیهان، بەتایبەتی بۆ ئەو ناوچە دابڕاوانەی کە ژێرخانی ئینتەرنێتیان نییە.
سەرچاوە: Kurdistan24