
سێ قوتابخانەی نوێی زمانی کوردی لە هۆڵەندا کرانەوە
بە کردنەوەی قوتابخانەکان لە دێن هاگ، نایمێخن و ئەپێڵدۆرن، ئاستی گرنگیدان بە خوێندنی زمانی کوردی لە هەڵکشاندایە.
بە هەماهەنگیی هاوبەشی نێوان وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆنفیدراسیۆنی دیاسپۆرای کوردستان، سێ قوتابخانەی نوێی زمانی کوردی لە وڵاتی هۆڵەندا کرانەوە. قوتابخانەکان لە شارەکانی دێن هاگ، نایمێخن و ئەپێڵدۆرن دەستیان بە خزمەتکردن کردووە و بەمەش ژمارەی قوتابخانە کوردییەکان لەو وڵاتەدا گەیشتە شەش قوتابخانە.
ڕۆزا حەمە کەریم، بەڕێوەبەری قوتابخانەکە ئاماژەی بەوە کرد کە لە سەرەتای دەستپێکردنی پڕۆژەکەدا تەنها چوار منداڵیان هەبووە، بەڵام ئێستا ژمارەی قوتابییە تۆمارکراوەکان گەیشتووەتە ٦٠ قوتابی. وانەکان بە هەردوو شێوەزاری سۆرانی و کرمانجی دەگوترێنەوە و جگە لە خێزانە کوردەکان، هەندێک لە منداڵانی هۆڵەندیش بۆ فێربوونی زمانی کوردی ناویان تۆمار کردووە.
کەریم ئەوەشی خستەڕوو کە خواستی خێزانەکان بۆ فێرکردنی زمانی دایک بە منداڵەکانیان ساڵ بە ساڵ لە زیادبووندایە و داواکاریی نوێیان بۆ کردنەوەی قوتابخانە لە شارەکانی وەک ئەمستردام و ئۆترێخت پێگەیشتووە. ئامانجی سەرەکیی قوتابخانەکان پاراستنی ناسنامەی نەتەوەیی و کلتووری و بەهێزکردنی پەیوەندیی نەوەی نوێیە بە نیشتمانی دایکەوە.
سەرچاوە: Kurdistan24