
وەزیری بەرگریی هۆڵەندا: بوونی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ سەقامگیریی ناوچەکە پێویستە
دیلان یەشیلگۆز جەختی لەسەر کاریگەریی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەسەر جیهان و ئەوروپا کردەوە و ڕایگەیاند کە بوونی ئەمریکا لە ناوچەکەدا گرنگە.
وەزیری بەرگریی هۆڵەندا، دیلان یەشیلگۆز، ڕۆژی دووشەممە ٢٨ی ئەیلوولی ٢٠٢٦ لە لێدوانێکدا بۆ کوردستان٢٤ ڕایگەیاند، بارودۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر جیهان و ئەوروپا هەیە و ئەم کاریگەرییانە بۆ ماوەیەک بەردەوام دەبن.
وەزیر یەشیلگۆز جەختی لەوە کردەوە کە بوونی ئەمریکا بۆ سەقامگیریی ناوچەکە پێویستە و گوتی: "من بە ئەمریکییەکان دەڵێم بوونی ئێوە لە ئەوروپا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا پێویستە." ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد، تەنانەت ئەگەر هێزەکانی ئەمریکاش بکشێنەوە، کارکردن بۆ پاراستنی سەقامگیری گرنگە.
یەشیلگۆز وەبیری هێنایەوە کە هۆڵەنداش بەرپرسیارێتییەکانی خۆی لە ناوچەکەدا جێبەجێ دەکات و گوتی، پشتگیری لە هێزە چەکدارەکانی لوبنان دەکەن و هەماهەنگی لە دەریای هورمزدا دەکەن. هەروەها دووپاتی کردەوە کە بەردەوام دەبن لە هاوکاریکردنی هێزەکانی عێراق و شەڕی دژی ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش.
یەشیلگۆز ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەم بابەتانە لەناو هاوپەیمانیی ناتۆ و لە چوارچێوەی هەماهەنگی لەگەڵ لایەنی ئەمریکیدا تاوتوێ دەکرێن، هەروەها جەختی لە پێویستیی وڵاتەکەی بە هاوپەیمانەکانی و ئامادەییان بۆ وەئەستۆگرتنی بەرپرسیارێتییەکانی خۆیان کردەوە.
سەرچاوە: Kurdistan24