
هۆڵاند: ڕێگای پاراستنی مافی کوردان بە یەکڕیزیی ناوخۆیی تێدەپەڕێت
فرانسوا هۆڵاند، سەرۆکی پێشووی فەرەنسا جەختی لەوە کردەوە کە بۆ پاراستنی مافەکانی کورد پێویستە یەکڕیزیی ناوخۆیی هەبێت.
فرانسوا هۆڵاند، سەرۆکی پێشووی فەرەنسا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕووداو ڕایگەیاند کە تاکە ڕێگا بۆ پاراستنی مافەکانی کورد، بەدیهێنانی یەکڕیزیی ناوخۆییە.
هۆڵاند وتی کە دوو جار سەردانی هەرێمی کوردستانی عێراقی کردووە، لەلایەن سەرۆک مەسعود بارزانییەوە پێشوازی لێکراوە و بە یاوەری پاسەوانی سەربازی بۆ هێڵی پێشەوەی جەنگ و بۆ مووسڵ چووە. ئاماژەی بەوەش کرد کە لە کاتی سەردانەکەیدا ناوچەکە ئارام بووە، بەڵام داعش هێشتا لە نزیکەوە بووە.
هۆڵاند سەرنجی خستە سەر قارەمانێتیی کورد لە بەرەنگاربوونەوەی داعشدا و هۆشداریشی دا لەسەر هەڕەشە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان؛ باسیشی لە مەترسییەکانی وەک گرژیی نێوان ئێران و ئەمریکا، بۆردومانکردنی هەرێمی کوردستان و دۆخی کوردانی سووریا کرد.
سەرۆکی پێشووی فەرەنسا داوای یەکڕیزیی لە سەرکردایەتیی سیاسیی کورد کرد و وتی: "مرۆڤ ئەگەر بیەوێت بەهێز بێت، دەبێت یەکگرتوو بێت" و ئەوەشی خستە ڕوو کە پێویستە پرۆسەی ئاشتیی نێوان تورکیا و کورد لەلایەن فەرەنساوە چاودێری بکرێت.
سەرچاوە: Rûdaw