
دۆکیۆمێنتاریی 'هۆشیار' خەڵاتی باشترین دۆکیۆمێنتاریی لە فێستیڤاڵی بەیروت بەدەستهێنا
دۆکیۆمێنتاریی 'هۆشیار' بە دەرهێنانی زولفەقار موتەیرییە، لە سێزدەیەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی کورتەفیلم لە بەیروت، خەڵاتی باشترین دۆکیۆمێنتاریی وەرگرت.
دۆکیۆمێنتاریی 'هۆشیار' کە لەلایەن زولفەقار موتەیرییە کاری دەرهێنانی بۆ کراوە، لە سێزدەیەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی کورتەفیلم لە بەیروتی پایتەختی لوبنان، خەڵاتی باشترین دۆکیۆمێنتاریی بەدەستهێنا. ڕێوڕەسمی دابەشکردنی خەڵاتەکان لە سینەما کۆلیزێ بەڕێوەچوو، فێستیڤاڵەکە میوانداریی زیاتر لە ٦٠ فیلمی چیرۆکی، دۆکیۆمێنتاریی و ئەنیمەیشنی لە ١٥ وڵاتەوە کردبوو، لەوانە عێراق، ئێران، میسر، سووریا، مەغریب و هیندستان.
دۆکیۆمێنتارییەکە باس لە خەباتی ڕاستەقینەی هۆشیار عەلی دەکات کە ژیانی خۆی بۆ پاککردنەوەی مین لە هەرێمی کوردستان تەرخان کردووە و کێڵگە مینڕێژکراوەکانی کردووەتە شوێنی ژیانی ئارام. مستەفا حەسەن سیناریۆکەی نووسیوە، عیماد مستەفا کاری وێنەگرتنی کردووە، مۆسیقاکەی لەلایەن کەرار ئەحمەدەوە دانراوە و حازم محەمەدیش بەڕێوەبەری تەکنیکی بووە.
زولفەقار موتەیرییەی دەرهێنەر لە لێدوانێکدا بۆ کوردستان٢٤ وتی: "ویستمان نیشانی بدەین کە پاڵەوانە ڕاستەقینەکان تەنها لە چیرۆکەکاندا نین، بەڵکو لە ناو ژیانیشدا هەن. هۆشیار عەلی پاڵەوانێکی ڕاستەقینەی گەلە کە بە بێدەنگی ڕووبەڕووی مەرگ دەبێتەوە بۆ ئەوەی ژیانێکی ئارام بۆ خەڵکی دیکە دابین بکات."
سەرچاوە: Kurdistan24