
هاوپەیمانی کریستیانەکان پشتگیری لە دەسپێشخەرییەکەی بارزانی بۆ پێکهێنانی حکوومەتی نیشتمانی دەکات
هاوپەیمانی کریستیانەکان بە تەواوی پشتگیری لە بانگەوازەکەی سەرۆک مەسعود بارزانی بۆ پێکهێنانی حکوومەتی نیشتمانی دەکات و داوا دەکات کورسی کۆتای کریستیانەکان تەنیا بۆ دەنگدەرانی کریستیان بێت.
هاوپەیمانی کریستیانەکان لە ڕاگەیەندراوێکدا کە ڕۆژی دووشەممە ٩ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦ بڵاویکردەوە، پێشوازی لە بانگەوازەکەی سەرۆک مەسعود بارزانی بۆ دیالۆگ و کۆتاییهێنان بە قەیرانی سیاسی کرد و ڕایگەیاند کە بە تەواوی پشتگیری لە پێکهێنانی حکوومەتێکی نیشتمانی فراوان دەکەن.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە کە پاراستنی بەرژەوەندی، بوون و دامەزراوەکانی خەڵکی کوردستان بەرپرسیارێتییەکی هاوبەشە، هەروەها داوا کراوە کورسییەکانی کۆتای کریستیانەکان تەنیا لە ڕێگەی دەنگدانی تایبەت بە دەنگدەرانی کریستیان لە هەرێمی کوردستان و عێراق پڕ بکرێنەوە. هەروەها ئاماژە بەوە کراوە کە پێویستە مافەکانی پێکهاتەی کریستیان (کەڵدان، ئاشووری، سریانی و ئەرمەن) پارێزراو بێت و نوێنەرایەتییەکی دادپەروەرانەیان لە ناوەندەکانی بڕیاردا هەبێت.
هاوپەیمانییەکە بە پێزانینەوە باسی هەڵوێستە نیشتمانی و مێژووییەکانی بارزانی کرد و ئاماژەی بەوە دا کە سەرکردایەتییەکەی ئەو، گەرەنتییەکی ڕاستەقینەیە بۆ پاراستنی پێکهاتە ڕەسەنەکان، یەکڕیزی هێزە سیاسییەکان و مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان.
سەرچاوە: Kurdistan24