PEZKUWICHAINDIJITAL KURDISTAN NEWS 15 HEZÎRAN 2026 · DUŞEM
سەرەکی کوردستان
کوردستان

چیرۆکی دڵتەزێنی ڕۆژئاوای کوردستان: تەرمی مامۆستا حەسەن کەلەش دۆزرایەوە
مامۆستا حەسەن کەلەش کوژرا

چیرۆکی دڵتەزێنی ڕۆژئاوای کوردستان: تەرمی مامۆستا حەسەن کەلەش دۆزرایەوە

مامۆستا حەسەن کەلەش کوژرا

کەسوکاری مامۆستا حەسەن کەلەش ڕایانگەیاند کە ئەمڕۆ تەرمەکەیان دۆزیوەتەوە.

لە شارۆچکەی گڕکێ لەگێی ڕۆژئاوای کوردستان، مامۆستایەک بە ناو بە حەسەن کەلەش لەلایەن کەسانی نەناسراوەوە ڕفێندرابوو و بۆ ئازادکردنی داوای ٣٠٠ هەزار دۆلار فدیە کرابوو.

حەسەن کەلەشی تەمەن ٥٦ ساڵ، ٣٠ی مانگی ڕابردوو لە ناوەندی شارۆچکەی گڕکێ لەگێی سەر بە دێرک ڕفێندرابوو و ئۆتۆمبێلەکەی لە شوێنی ڕووداوەکە جێهێڵدرابوو.

ڕۆژی دوای ڕفاندنی، پەیوەندی بە کەسوکاریەوە کرابوو و ڤیدیۆیەک بۆ برایەکەی نێردرا بوو.

ئەوان بۆ ئازادکردنی داوای ٣٠٠ هەزار دۆلاریان لە بنەماڵەکەی کردبوو.

بە ژمارەیەکی فلیپینی کەسوکاریان ئاگادار کردووەتەوە

پەیامنێری ڕووداو، ڤیڤیان فەتاح ٨ی تشرینی یەکەم چوو بۆ مالێ باوکی حەسەن کەلەش.

ڕێزان کەلەش، برای مامۆستا حەسەن بە ڕووداوی ڕاگەیاندبوو:

"لە ڕێگەی واتسئاپەوە بۆیان نووسین و وێنەکەیان نارد. گوتیان 'ئەو لەلای ئێمەیە، ساغ و سەلامەتە بەڵام دەبێت ٣٠٠ هەزار دۆلار بدەن'.

ئەوان ڕۆژی دواتر دووبارە پەیوەندییان کردەوە و گوتیان '٢٤ کاتژمێرتان تەواو بوو و پارەکەتان نەدا، ئێوە یاری بە ئاگر دەکەن.'"

مامۆستا حەسەن کوژرا

خێزانی مامۆستا حەسەن کەلەش ئه‌مڕۆ لە ڕاگەیەندراوێکدا خەمگینی و شۆکی خۆیان بەرامبەر بەم ڕووداوە دڵتەزێنە دەربڕی و هەواڵی کوژرانی ئەویان ڕاگەیاند.

بەپێی ڕاگەیەندراوی خێزانەکەی، تەرمی حەسەن کەلەش ناسراوەتەوە و ئه‌مڕۆ لە زێدی خۆی نێژراوە.

مامۆستا حەسەن کەلەش کێ بوو؟

حەسەن کەلەش تەمەنی ۵۶ ساڵ بوو. ئەو خەڵکی شارۆچکەی گرکێ لەگێی سەر بە دێرکی ڕۆژئاوای کوردستان بوو.

حەسەن کەلەش وەکو مامۆستایەکی سادە دەناسرا.

خێزانەکەی دەڵێن، هیچ دوژمنایەتییەکی لەگەڵ کەسدا نەبوو و خاوەنی سەروەت و سامانێکیش نەبوو تا چەتە و مافیاکان بیڕفێنن.

بەڵام ئەو کەسانەی ڕفاندیان، بە داواکارییە خەیاڵییەکەیان حەسەن کەلەشیان کوشت.

کەلەش لە ئامادەیی جەلا مامۆستای فەلسەفە بوو.

ئەو ئێوارەی چوارشەممە ۳۰ی ئەیلوولی ۲۰۲۶، کاتژمێر ۲۱:۳۰ لە ناوەندی بازاڕی گرکێ لەگێ ڕفێندرابوو.

لە ۴ی تشرینی یەکەمی ۲۰۲۶دا، ۵ ڕێکخراوی مافی مرۆڤ داوای ئاشکراکردنی چارەنووسی ئەویان کردبوو.

ئوان داوایان کردبوو پارێزگاری لە گیانی ئەو مامۆستایە بکرێت.

هەروەها داوایان لە لایەنە پەیوەندیدارەکان کردبوو کە لێکۆڵینەوەیەکی پیشەییانە بکەن و تاوانباران سزا بدەن.

ئەم ڕووداوە بووەتە هۆی دڵگرانییەکی زۆر سەبارەت بە ڕەوشی ئاسایشی ناوچەکە.

لە لایەکی ترەوە ڕووداوەکانی ڕفاندن بە مەبەستی وەرگرتنی پارە زیادیان کردووە.

خەڵکی ناوچەکە داوا دەکەن دەزگا ئەمنییەکان بەرپرسیارێتییەکانی خۆیان جێبەجێ بکەن.

ئەوان داوایان کرد کە ئیتر ڕێگە نەدرێت ژیانی مەدەنییەکان و کارمەندانی کەرتی پەروەردە بکەوێتە مەترسییەوە.

هەواڵی پەیوەندیدار