
بەڕێوەبەری ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردی لە زانکۆی ئێکسەتەر: ئیدیعاکانی داخران ڕاست نین
بیرەوەریی مێژوویی لەم پەرتووکخانەیەدا دەپارێزرێت
هەولێر (ڕووداو) - بەڕێوەبەری ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردی لە زانکۆی ئێکسەتەر لە بەریتانیا دکتۆر فەرەنگیس قادری لەبارەی ئیدیعاکانی داخرانی ناوەندەکە ئاخاوت و گوتی ناوەندەکە داناخەرێت.
ئیدیعا کرابوو کە ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردی لە زانکۆی ئێکسەتەر بەهۆی کەمکردنەوەی بودجەوە دادەخرێت.
دکتۆر فەرەنگیس قادری بە ڕووداوی ڕاگەیاند کە ڕێکخستنەوەی نوێ تەواوی زانکۆکە دەگرێتەوە و ئیدیعاکانی داخران بێ بنەمان.
ناووبراو دیاری کرد کە ناوەندەکە بەردەوامە لە کارەکانی و داوای پشتیوانیی دامەزراوەکانی کرد.
دوای قەیرانی بودجە لە خوێندنی باڵا لە سەرانسەری بەریتانیادا، چارەنووسی ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردی لە زانکۆی ئێکسەتەر (Centre for Kurdish Studies) بووبووە بابەتی دانوستان.
ئەم ناوەندە، لە بەریتانیا تاقە دامەزراوەی ئەکادیمییە کە لە بواری لێکۆڵینەوەی کوردیدا بڕوانامە دەبەخشێت.
بەڕێوەبەری ناوەندەکە دکتۆر فەرەنگیس قادری وەڵامی پرسیارەکانی ئیدیتۆری مێزی نێودەوڵەتیی ڕووداو نیاز مصطفى دایەوە.
ئەو گومانەکانی ناو رای گشتیی ڕەواندەوە و جەختی کردەوە کە ناوەندەکە کۆتایی نەهاتووە و بەردەوامە لە کارەکانی.
"داخران نییە، کەمکردنەوەی خەرجی تەواوی فاکەڵتییەکە دەگرێتەوە"
فەرەنگیس قادری ئاماژەی بەوە کرد کە پڕۆسەی ڕێکخستنەوەی کارگێڕی تەنیا بۆ ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردی نییە.
ناو براو رایگەیاند کە زانکۆکانی بەریتانیا لە قەیرانێکی ئابووریی گشتیدا تێپەڕ دەبن.
فەرەنگیس قادری ئاماژەی بەوەش کرد کە فاکەڵتیی زانستە مرۆڤایەتییەکان، هونەر و زانستە کۆمەڵایەتییەکان کە ناوەندەکەش بەشێکە لێی، پلانێک دادەڕێژێت بۆ کەمکردنەوەی خەرجییەکان.
ئەو رایگەیاند کە هەواڵە بڵاوکراوەکان تێگەیشتنێکی هەڵەیان لەناو رای گشتیدا دروست کردووە.
کەلەپووری ئەکادیمیی ٢٠ ساڵە: زیاتر لە ٢٥ دەرچووی دکتۆرا
ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردی لە زانکۆی ئێکستەر لە ساڵی ٢٠٠٦ بە دەستپێشخەریی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی ئەو کاتەی هەرێمی کوردستان و بە پشتیوانیی دارایی دەزگای ئیبراهیم ئەحمەد کرایەوە.
ناوەندەکە کە لەژێر چەتری پەیمانگەی لێکۆڵینەوەی عەرەبی و ئیسلامیدا کار دەکات، تاقە زانکۆیە لە بەریتانیا لە بواری لێکۆڵینەوەی کوردیدا کە بڕوانامەی فەرمی دەبەخشێت.
هەروەها لەسەرانسەری ئەوروپاشدا وەک بەناوبانگترین دامەزراوەی ئەکادیمی لەم بوارەدا دەناسرێت کە بەرنامەکانی ماستەر و دکتۆرا بەڕێوە دەبات.
ناوەندەکە لە ڕۆژی کردنیەوەیەوە تا ئێستا زیاتر لە ٢٥ دەرچووی دکتۆرای پێگەیاندووە و مێوانداریی لێکۆڵەران لە سەرانسەری جیهانەوە دەکات.
وانیەی "مێژوو و سیاستەتی کوردی" کە لە ناوەندەکە دەوترێتەوە، سەرنجی قوتابیانی بەشەکانی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، مێژوو و لێکۆڵینەوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕادەکێشێت.
بیری مێژوویی لەم پەرتووکخانەیەدا دەپارێزرێت
ناوەندەکە سەرەڕای کارە پەروەردەیییەکان، خاوەنی ئەرشیڤێکی زۆر گرنگە.
دامەزراوەکە کۆکراوەی تایبەتی کەسایەتییەکانی وەک کریس کۆچێرا و عومەر شێخموس لەخۆدەگرێت.
لە هەمان کاتدا مێوانداریی "ئەرشیڤی دیجیتاڵی کوردی" دەکات کە بۆ دیجیتاڵکردنی بەڵگەنامەکانی مێژوو و ئەدەبیاتی کوردی و پاراستنیان لە لەناوچوون دامەزرێنراوە.
"کورد تەنها فیگەرێکی سیاسی نین، ئەکتەرێکی زانست و کولتوورن"
قادریان ئاماژەی بەوە کرد کە بوونی لێکۆڵینەوەی کوردی لە ئەکادیمیای ئەوروپادا پڕدێکی حەیاتییە و وتی:
"ئەم ناوەندە مێژوو و بەرهەمە کولتوورییەکانی کورد لە گێڕانەوە کۆلۆنیالیستییەکانی دەوڵەتە باڵادەستەکان ڕزگار دەکات و دەیانباتە ناوەندی لێکۆڵینەوە زانستییە سەربەخۆکان."
دووبارە دەیسەلمێنن کە کۆمەڵگەی کوردی تەنیا فیگەرێک نییە کە بە شەڕ و سیاست بیر بێتەوە، بەڵکو نەتەوەیەکە بەشداری لە ئەدەبیات، مێژوو و جیهانی هزری جیهانیدا دەکات."
بانگەوازی پشتیوانی بۆ بەردەوامبوون
فەرەنگیس قادری وەبیری هێنایەوە کە لێکۆڵینەوەی کوردی بوارێکی سەربەخۆیە و پشتیوانی دەوڵەت وەرناگرێت، بۆیە دەستکەوتنی فۆندی گەورە قورسە.
ئەو ئاماژەی بەوە دا کە بۆ پاراستنی ئەم دەستکەوتە ئەکادیمییە، پێویست بە سەرچاوەی دارایی درێژخایەن هەیە.
قادری بانگەوازی ئاڕاستەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەرمایەداران و دەزگا مەدەنییەکان کرد و گوتی بە بەخشینی بورس بە خوێندکاران و دابینکردنی فۆند بۆ لێکۆڵینەوەکان، ئایندەی سەنتەرەکە دەستەبەر دەکرێت.