
ئەندامانی PWK لە دادگاییکردنی ڕۆژی ئاڵای کوردستاندا بە کوردی بەرگرییان لە خۆیان کرد
١١ کەس کە بەهۆی ڕێکخستنی چالاکی ڕۆژی ئاڵای کوردستان لە ١٧ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥ لە قۆسەر (کزیلتەپە) لەلایەن تەشکیلات پارێزگای مێردینی پارتی وڵاتپارێزانی کوردستان (PWK) داوای یاساییان لەسەر تۆمارکرابوو، لە یەکەم دانیشتنی دادگادا بە کوردی بەرگرییان لە خۆیان کرد.
داواکاری گشتیی کۆماری لە قۆسەر، بە تۆمەتی "ڕێگریکردن لە هاتووچۆ و بەستنی ڕێگا" داوای یاسایی لەسەر بەڕێوەبەران و ئەندامانی PWK و ئەو کەسانە تۆمارکرد کە بۆ پشتیوانی بەشدارییان لە چالاکییەکەدا کردبوو.
یەکەم دانیشتنی دادگاییکردنەکە ئامادە لە شارۆچکەی قۆسەری سەر بە پارێزگای مێردین بەڕێوەچوو.
لە دانیشتنەکەدا بێجگە لە مستەفا ئۆزچەلیک، سەرۆکی گشتیی PWK، بەڕێوەبەران و ئەندامانی پارتەکە لە مێردین، ئامەد، ئێلح و وێرانشار بەشداربوون. شاندێک بە سەرۆکایەتی فوئاد ئۆنەن، بەڕێوەبەری PÊLKURD، نوێنەرانی PDK-BAKUR و PSK و ژمارەیەکی زۆر لە ژن و پیاوە ڕامیارکارانی کورد چاودێری دانیشتنەکەیان کرد.
سەباحەتین کۆرکماز، شێخموس ئوڵەک، سدقی زیلان، موراد ئابا و نۇرەتین کلچ ئەرکی پارێزەرایەتی تۆمەتبارانیان گرتە ئەستۆ.
لە تۆمەتباران ١٠ کەسیان لە دادگادا بە کوردی بەرگرییان لە خۆیان کرد. ئەندامێکی PWK-یش بەهۆی ئەوەی لە قۆسەر نەبوو، نەیتوانی بەشداری لە دانیشتنەکەدا بکات.