
ئەمەریکا هێرشێکی ئاسمانیی سنوورداری کردە سەر دوورگەی قشم لە گەرووی هورمز
سوپای ئەمەریکا هێرشێکی ئاسمانیی کردە سەر دوورگەی قشمی سەر بە ئێران و سکۆیەکی هاویشتنی مووشەکی لە دوورگەکەدا تێکشکاند.
سوپای ئەمەریکا هێرشێکی ئاسمانیی سنوورداری کردە سەر دوورگەی قشمی سەر بە ئێران لە گەرووی هورمز. ڕاگەیەندراوە کە هێرشەکە وەک وەڵامێک بووە بۆ هاویشتنی مووشەک لەلایەن سوپای پاسدارانەوە بەرامبەر فڕۆکەیەکی سەربازیی ئەمەریکی و لە ئنجامدا سکۆیەکی هاویشتنی مووشەک لە دوورگەکەدا تێکشکێنراوە. ئاژانسی هەواڵی ڕەسمیی ئێران (ئیرنا) ڕاپۆرتی دا کە لە دوورگەکەدا بە مەودای کورت پێنج دەنگی تەقینەوە بیستراون و تەقینەوەکان بە دوای یەکدا ڕوویان داوە.
بەرپرسانی ئەمەریکا لە لێدوانەکانیاندا بۆ فۆکس نیوز، سی ئێن ئێن و ئاکسیۆس ئاماژەیان بەوە کردووە کە هێرشەکان تەنها ڕێکارێکی بەرگری بوون و ئامانجیان ڕێگریکردن بووە لە ناکۆکیکردن لە یەکە سەربازییەکانیان. بەرپرسان جەختیان کردەوە کە ئەم کردەوانە دەستپێکی ئۆپەرسیۆنێکی بەربڵاو نین و واشنتۆن مەبەستی دەستپێکردنی جووڵەیەکی سەربازیی نوێی نییە.
ئێن بی سی نیوز بڵاوی کردەوە کە بەرپرسانی ئەمەریکا هێرشەکەیان بەستووەتەوە بە هەوڵەکانی ئەم هەفتانەی دوایی ئێران بۆ ئامانجگرتنی کەشتی، فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و فڕۆکەکانی ئەمەریکا لە گەرووی هورمز. لای خۆشیەوە، سوپای پاسداران ڕایگەیاند کە بە سیستەمی جەنگی ئۆلیکترۆنی کۆنتڕۆڵی دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی سیخوڕیی جۆری MQM-170یان لە باشووری قشم کردووە و خستوویاننەتە خوارەوە، هەروەها فڕۆکەیەکی دیکەی بێفڕۆکەوانی جۆری MQ-9 تێکشکێنراوە.
سەرچاوە: Kurdistan24