
کپلەر: هەناردەکردنی نەوت لە گەرووی هورمز نزیک بووەتەوە لە ئاستی پێش جەنگ
کۆمپانیای کپلەر ڕایگەیاند، هەناردەکردنی نەوتی خاو لە ڕێگەی گەرووی هورمزەوە لە مانگی تشرینی دووەمدا گەیشتووەتە ٩٠٪ی ئاستی خۆی و ڕۆژانە ١٥.٣ ملیۆن بەرمیل نەوت تێپەڕیوە.
کۆمپانیای کپلەر کە کۆمپانیایەکی پێشەنگی شیکاریی داتاکانە، ڕایگەیاند کە هەناردەکردنی نەوتی خاو لە گەرووی هورمزەوە لە مانگی تشرینی دووەمدا گەیشتووەتە ٩٠٪ی ئاستی پێش جەنگ و ڕۆژانە ١٥.٣ ملیۆن بەرمیل نەوت تێپەڕیوە.
٦٠٪ی هەناردەکردنەکە هێشتا لە ڕێگەی تانکەرەکانەوە لە گەرووەکەدا دەکرێت، ئەم ڕێژەیەش بەراورد بە ٨٠٪ی پێش جەنگ دابەزیوە؛ بەشەکەی دیکەی لە ڕێگەی بۆرییە نەوتییە جێگرەوەکانەوە دەگوازرێتەوە. دوای ئەو ئۆپەراسیۆنە سەربازییەی ئەمریکا و ئیسرائیل لە کۆتایی مانگی شوباتدا دژی ئێران دەستیان پێکرد، ئەم ڕێڕەوە ئاوییە بووەتە یەکێک لە خاڵە سەرەکییەکانی ناکۆکی نێوان واشنتۆن و تاران.
ئێران هەڵگرتنی سنووردارکردنە دەریاییەکان و گەرەنتی هێرشنەکردن و ئازادکردنی پارە بەستەڵەککراوەکانی بە ئەمریکا بەستووەتەوە. بەرپرسێکی کپلەر ئاماژەی بەوە کرد کە بەراورد بە ئاستی ١٦.٥ و ١٧ ملیۆن بەرمیل لە مانگەکانی ئەیلوول و تشرینی یەکەمدا، دابەزینێکی کەم ڕوویداوە، بەڵام بە گشتی هەناردەکردنەکە بەردەوامە.
نۆعام ڕەیدان، شارەزای بواری دەریایی لە پەیمانگای واشنتۆن ڕایگەیاند، لە مانگی تشرینی دووەمدا هێزەکانی ئێران لانیکەم ١٦ هێرشیان کردووەتە سەر ئەو کەشتییانەی بە گەرووەکەدا تێپەڕیون. فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکاش ڕایگەیاندووە، لە کۆتایی مانگی شوباتەوە تا ئێستا پاسەوانیی زیاتر لە ١.٧ ملیار بەرمیل نەوتی خاوی کردووە کە بە گەرووەکەدا تێپەڕیوە. پێش جەنگ، گەرووی هورمز نزیکەی ٢٠٪ی دابینکردنی وزەی جیهانی لە ئەستۆ گرتبوو.
سەرچاوە: Rûdaw