
حوسییەکان بە مووشەکی بالیستیک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشیان کردە سەر ٧ ئامانج لە عەرەبستانی سعودیە
حوسییەکان بە مووشەکی بالیستیک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشیان کردە سەر فڕۆکەخانەی مەلیک خالید لە ڕیاز و پێنج فڕۆکەخانەی تر و دوو دامەزراوەی نەوتی.
یحیى سەریع، وتەبێژی سەربازیی حوسییەکان لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە ڕایگەیاند کە بە بەکارهێنانی مووشەکی بالیستیک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (تەقەمەنی) هێرشیان کردووەتە سەر حەوت ئامانج لە عەرەبستانی سعودیە، لەنێویاندا فڕۆکەخانەی مەلیک خالید.
لە یەکەم هێرشدا، فڕۆکەخانەی مەلیک خالید لە ڕیاز لە دوو قۆناغدا کرا بە ئامانج. هێرشی دووەم کرایە سەر دامەزراوەیەکی کۆمپانیای نەوتی نیشتمانیی سعودیە (ئارامکۆ) لە شارۆچکەی یەنبوع، و هێرشی سێیەمیش ئاڕاستەی پاڵاوگەی نەوتی ڕابیغ کرا. لە هێرشی چوارەمدا، وێستگەکانی ڕاکێشانی نەوتی خاو و هێڵی بۆری گواستنەوەی نەوت لە ڕۆژهەڵاتەوە بۆ ڕۆژئاوای وڵات کرانە ئامانج. هێرشی پێنجەم کرایە سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی مەلیک فەهد لە شاری دەمام، هێرشی شەشەم بۆ سەر فڕۆکەخانەی نەجران و هێرشی حەوتەمیش بۆ سەر بنکەی ئاسمانی لە خەمیس موشەیت ئاڕاستە کرا.
سەریع ئاماژەی بەوەش کرد کە عەرەبستانی سعودیە لە ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا ١٠٠ هێرشی ئاسمانی کردووەتە سەر سەنعای پایتەختی یەمەن و ناوچەکانی تر، و لەو هێرشانەدا دەیان کەس کوژراون و بریندار بوون. هەروەها ڕایگەیاند کە کۆی گشتیی هێرشە ئاسمانی و مووشەکییەکانی سعودیە بۆ سەر یەمەن گەیشتووەتە ٣,١٢٣ هێرش.
حوسییەکان جەختیان لەوە کردەوە کە پێكانی ئامانجەکانیان دروست بووە و تا هەڵگرتنی گەمارۆکان و کۆتاییهاتنی هێرشەکانی عەرەبستانی سعودیە بۆ سەر یەمەن، لە هێرشەکانیان بەردەوام دەبن.
سەرچاوە: Rûdaw