
حوسییەکان دامەزراوەکانی ئارامکۆیان لە ڕیاز و یەنبو کردە ئامانج
ووتەبێژی سەربازیی حوسییەکان ڕایگەیاند کە بە مووشەکی بالیستی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشیان کردووەتە سەر دامەزراوەکانی ئارامکۆ لە ڕیازی پایتەختی عەرەبستانی سعودیە و یەنبو.
حوسییەکان بانگەشەی ئەوەیان کرد کە بە مووشەکی بالیستی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشیان کردووەتە سەر دامەزراوەکانی ئارامکۆ لە ناوچەکانی ڕیاز و یەنبو. یەحیا سەریع، ووتەبێژی سەربازیی حوسییەکان لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی X ئەم ئۆپەرسیۆنەی ڕاگەیاند.
سەریع ئاماژەی بەوەدا کە هاوپەیمانیی بەسەرپەرشتی عەرەبستانی سعودیە بەردەوامە لە هێرشە ئاسمانییەکان و گەمارۆدانی یەمەن، و لەم دواییانەدا ۱۰۱۸ هێرشی ئاسمانییان بۆ سەر یەمەن ئەنجامداوە بە فڕۆکەی جەنگیی جۆری F-15 و Typhoon کە لە بنکە ئاسمانییەکانی خەمیس موشەیت و تائیفەوە هەستاون، وە هەروەها لە ناوچەکانی نەجران و جازانەوە تەقەی تۆپخانە و مووشەکیان کردووە.
حوسییەکان وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ ئەم هێرشە ئاسمانییانە، ئاماژەیان بەوە کرد کە ئۆپەرسیۆنێکیان بۆ سەر "ئامانجە سەربازی و ستراتیژییە هەستیارەکان" لە ڕیازی پایتەخت و هەروەها دامەزراوەکانی ئارامکۆ لە شارۆچکەی یەنبو ئەنجامداوە و ئامانجەکانیان "بە سەرکەوتوویی" پێکاوە. تا ئێستا هیچ پشتڕاستکردنەوەیەک یاخود ڕاگەیەندراوێکی فەرمی لەلایەن دەسەڵاتدارانی سعودیە یان هێزەکانی هاوپەیمانانەوە لەسەر ئەم بابەتە بڵاونەکراوەتەوە.
سەرچاوە: Kurdistan24