
حوسییەکان: سعودیە لە ٢٤ کاتژمێردا ١٠٦ هێرشی ئاسمانی و مووشەکی ئەنجامداوە
حوسییەکان بانگەشەی ئەوە دەکەن کە سعودیە لە ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا ١٠٦ هێرشی ئاسمانی و مووشەکی کردووەتە سەر شارەکانی سەنعا، جەوف، تائیز، عەمران، حەجە و سەعدە.
یەحیا سەریع، وتەبێژی سەربازیی حوسییەکانی سەر بە ئێران، لە ڕێگەی هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس ڕایگەیاند، سعودیە لە ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا بە کۆی گشتی ١٠٦ هێرشی ئاسمانی و مووشەکی کردووەتە سەر شارەکانی سەنعا، جەوف، تائیز، عەمران، حەجە و سەعدە.
سەریع ئاماژەی بەوە کرد کە ئەو هێرشانە لە ڕێگەی فڕۆکەکانی جۆری ئێف-١٥ و تایفۆن ئەنجامدراون کە لە بنکە سەربازییەکانی سعودیە لە شارەکانی خەمیس موشەیەت و تائیفەوە هەستاون.
لەو شەڕە ناوخۆییەی کە لە ساڵی ٢٠١٤ و دوای کۆنترۆڵکردنی سەنعای پایتەخت لەلایەن حوسییەکانەوە دەستی پێکرد، هاوپەیمانیی عەرەبی بە سەرۆکایەتی سعودیە لە ساڵی ٢٠١٥وە پشتیوانی لە حکومەتی یەمەن دەکات کە لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە دانی پێدانراوە. لە بەرامبەردا ڕەشید محەمەد ئەلعەلیمی، سەرۆکی ئەنجومەنی سەرۆکایەتیی یەمەن، ڕایگەیاند کە ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی بەرفراوانیان بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی ئەو ناوچانەی لەژێر دەستی حوسییەکانن دەستپێکردووە و ئەو ئۆپەراسیۆنانە بە ئامانجی پاراستنی ئاسایشی خەڵک و سەروەریی دەوڵەت ئەنجام دەدرێن.
سەرچاوە: Rûdaw