
حوسییەکان بانگەشەی ئەوە دەکەن بە مووشەکی بالیستی سێ شاری سعودیەیان کردووەتە ئامانج
حوسییەکانی یەمەن ڕایانگەیاند کە هێرشی مووشەکی بالیستییان بۆ سەر ڕیاز، خەمیس موشەیەت و جیزان ئەنجامداوە.
یەحیا سەریع، وتەبێژی سەربازیی حوسییەکانی یەمەن لە ڕاگەیەندراوێکدا لە هەژماری خۆی لە سەکۆی کۆمەڵایەتی ئێکس (توییتەری پێشوو)، بانگەشەی ئەوەی کرد کە ئۆپەراسیۆنێک بۆ سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی شا خالید لە ڕیاز، پایتەختی سعودیە بە سەرکەوتوویی ئەنجامدراوە.
سەریع لە هەمان ڕاگەیەندراودا ئاماژەی بەوە کرد کە لە هێرشی دووەمدا بۆ سەر شاری خەمیس موشەیەت لە باشووری وڵاتەکە، هانگارەکانی فڕۆکە، کۆگاکانی تەقەمەنی، ناوەندەکانی کۆنترۆڵکردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و دامەزراوەکانی دیکەی بنکەی ئاسمانیی شا خالیدیان کردووەتە ئامانج. هەروەها بانگەشەی ئەوەی کرد کە ئۆپەراسیۆنی سێیەم بنکەیەکی دەریایی سەر بە پاسەوانی سنووری لە جیزان لە باشووری ڕۆژئاوای وڵاتەکە کردووەتە ئامانج و ئەو هێرشە بووەتە هۆی کوژران و برینداربوون.
بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی سعودیەش پێشتر ڕایگەیاندبوو کە دوو مووشەکی بالیستی ئاراستەی شارەکانی خەمیس موشەیەت و ئەحەد ڕافیدە کراون و بەهۆی کەوتنی پارچەکانی مووشەکەکان لە کاتی هێرشەکەدا، دوو کەس بریندار بوون.
سەرچاوە: Rûdaw