
حوسییەکان: ئەگەر عەرەبستانی سعوودی گەمارۆ هەڵنەگرێت هێرشە مووشەکییەکان بەردەوام دەبن
عەبدولغەنی عەلی زوبەیدی، بەرپرسی سەربازیی حوسییەکان ڕایگەیاند کە ئەگەر گەمارۆ و ئابڵۆقەی عەرەبستانی سعوودی بۆ سەر یەمەن بەردەوام بێت هێرشە مووشەکییەکانیان زیاتر دەکەن و هیچ هاوکارییەکیان لە ئێرانیشەوە وەرنەگرتووە.
عەبدولغەنی عەلی زوبەیدی، بەرپرسی سەربازیی بزووتنەوەی حوسییەکان ڕایگەیاند کە ئەگەر عەرەبستانی سعوودی ئابڵۆقەی سەر یەمەن هەڵنەگرێت، هێرشە مووشەکییەکان بۆ سەر ئەو وڵاتە بەردەوام دەبن و ئەمەش بە شتێکی "تەواو ئاسایی" دەزانێت. زوبەیدی جەختی لەوە کردەوە کە ڕیاز لە هێرشەکانی بۆ سەر یەمەن بەردەوامە.
ئەو ئاگاداری دا کە ئەگەر ئابڵۆقە و گەمارۆی عەرەبستانی سعوودی هەڵبگیرێت، ئۆپەراسیۆنەکانی حوسییەکانیش ڕادەگیرێن، بەڵام ئەگەر ڕیاز لە هەڵوێستە توندڕەوەکەی بەردەوام بێت، وەڵامەکەیان "چەندین بارابەر توندتر" دەبێت. ناوبردوو بە توندی ئەو ئیدیعایانەی ڕەتکردەوە کە گوایە هاوکاریی سەربازی و تەکنیکی لە ئێرانەوە وەردەگرن و ڕایگەیاند کە لە ناو یەمەندا کارگە و بنکەی تایبەت بە خۆیان هەیە بۆ دروستکردنی چەک و تەقەمەنی و سەرجەم پێداویستییە سەربازییەکانیان بە توانای ناوخۆیی دابین دەکەن.
زوبەیدی جەختی لەوە کردەوە کە لە ئۆپەراسیۆنە ئاسمانییەکانیاندا بۆ سەر عەرەبستانی سعوودی هاووڵاتییانی مەدەنییان نەکردووەتە ئامانج و داوای کرد ئەگەر بەڵگەیەک لەلایەن سعوودیەوە هەیە بۆ بەئامانجگرتنی مەدەنییەکان، بیخەنە ڕوو. هەروەها ئیدیعای کرد کە دەسەڵاتدارانی ڕیاز شوێنە پیرۆزەکانی وەک مەکە و مەدینە بۆ گەیشتن بە مەبەستە سیاسییەکانی خۆیان بەکاردێنن.
بەرپرسێکی حوسییەکان ئیدیعاکانی هەبوونی "جەنگی ناوخۆ" لە یەمەن ڕەتکردەوە و ڕایگەیاند، ئەگەر دەستوەردانی دەرەکیی سعودیە نەبووایە، یەمەنییەکان دەیانتوانی کێشەکانی خۆیان لە نێوان خۆیاندا چارەسەر بکەن. ناوبراو ئاماژەی بەوەدا کە لە ٢ی تەمووزەوە لە چوارچێوەی سیاسەتی "گۆشەگیری لە بەرامبەر گۆشەگیری"دا، چەندین هێرشی مووشەکی بالیستییان کردووەتە سەر خاڵە ستراتیژییەکانی سعودیە و بەتایبەتی ڕیازی پایتەخت، وە ڕێگرییان لە تێپەڕبوونی کەشتییە بازرگانی و سەربازییەکانی سعودیە لە تەنگەی بابولمەندەب کردووە، هەروەها جەختی کردەوە کە هەڵگرتنی ئەم گۆشەگیرییە بەستراوەتەوە بەوەی کە ڕیاز کۆتایی بەو گەمارۆ گشتگیرە بهێنێت کە لە ساڵی ٢٠١٥ەوە بەسەر گەلی یەمەندا سەپاندوویەتی.
سەرچاوە: Kurdistan24