
ئیبراهیم ڕەزایی: کۆنترۆڵکردنی گەرووی هورمز لەلایەن ئەمریکاوە 'درۆی سەدەیە'
ئەندامێکی پەرلەمانی ئێران، شکستی سەربازیی ئەمریکا و بانگەشەکانی پەیوەست بە گەرووی هورمزی ڕەتکردەوە.
ئیبراهیم ڕەزایی، ئەندامی لیژنەی ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوەی پەرلەمانی ئێران، ڕۆژی پێنجشەممە ١ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦ لە لێدوانێکدا بۆ کوردستان٢٤ ڕایگەیاند، ئەمریکا لە ململانێی سەربازی لەگەڵ ئێران شکستی هێناوە و بەو هۆیەوە ڕووی لە جەنگی ئابووری کردووە. هەروەها ئەو دەنگۆیانەی کە باس لە تێکچوونی باری تەندروستیی موجتەبا خامنەیی، ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران دەکەن، بە "درۆی هەڵبەستراوی میدیاکانی ڕۆژئاوا" ناوبرد و ڕەتیکردەوە.
ڕەزایی وتی، نزیکەی حەوت مانگ لەمەوبەر ئەمریکا بە ئامانجی لەناوبردنی ئێران جەنگێکی دەستپێکرد، بەڵام "تووشی شکستێکی قورس بوون و زیانی زۆریان بەرکەوت" و ناچار بوون سەرجەم هێزەکانیان لە ناوچەکە هەڵبێن. ناوبراو بانگەشەی ئەوەی کرد کە هێزە چەکدارەکانی ئێران بنکەکانی ئەمریکایان تێکشکاندووە، فڕۆکە جەنگییەکانیان پێکاوە، ژمارەیەکی زۆر فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئەمریکییان خستووەتە خوارەوە و دەستیان بەسەر دوو ژێردەریایی ئەمریکیدا گرتووە.
ڕەزایی جەختی لەوە کردەوە کە جەنگەکە ئێستا گواستراوەتەوە بۆ قۆناغی ئابووری و ئەمریکا دەیەوێت بە توندکردنی گەمارۆکان گەلی ئێران ناچار بە تەسلیمبوون بکات، بەڵام ئێران ڕێگاکانی تێپەڕاندنی ئەو گەمارۆیانە دەزانێت. وەک نموونە ئاماژەی بەوە کرد کە گەمارۆکانی بواری فڕۆکەوانی بوونە هۆی ئەوەی گەشتەکەی بۆ تاجیکستان لە نیوەی ڕێگا بگەڕێتەوە، بەڵام دواتر گەشتەکە ئەنجامدراوە. هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە سیاسەتەکانی بەرپرسانی ئەمریکا و دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی پێشوو، تێچووی ١٥٠٠ دۆلاری خستووەتە سەر شانی هاووڵاتییانی ئەمریکا.
سەبارەت بەو بانگەشانەی کە دەڵێن ئەمریکا گەرووی هورمزی لەژێر کۆنترۆڵدایە، بە توندی وەڵامی دایەوە و بە "گەورەترین درۆی سەدە" ناوی برد.
سەرچاوە: Kurdistan24