
دوو سەرۆکی شارەوانی و جێگرێکی سەر بە جەهەپە لە کارەکانیان دوورخرانەوە
وەزارەتی ناوخۆ، میدحەت بوڵەنت ئۆزجەن و موراد گونەشی کە لە ئەستەنبوڵ دەستگیرکرابوون، لە پۆستەکانیان دوورخستەوە.
لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەکانی گەندەڵی و بەرتیلخواردن لە ئەستەنبوڵ، سەرۆکی شارەوانی ئەیووب سوڵتان میدحەت بوڵەنت ئۆزجەن و جێگری سەرۆکی شارەوانی ئاتاشەهیر موراد گونەش، بە بڕیاری وەزارەتی ناوخۆ لە پۆستەکانیان دوورخرانەوە.
لە هەردوو شارەوانییەکەدا، هەڵبژاردنی سەرۆک و جێگری سەرۆک لە ڕێکەوتی ١٠ی تشرینی یەکەم ئەنجام دەدرێت. لە شارەوانی ئاتاشەهیر، تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی تاوانە داراییەکان ١٣ گومانلێکراویان دەستگیرکردبوو، ئەوەش لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەیەکدا کە لەسەر تۆمەتی داواکردنی بەرتیل لە کۆمپانیاکانی بیناسازی بەرامبەر بە مۆڵەتی نیشتەجێبوون و زەویوزار، هەروەها پەسەندکردنی گۆڕانکاری لە نەخشەی شارسازی بەرامبەر بە بەرژەوەندی تایبەت بەڕێوەدەچوو.
دوای تەواوبوونی لێکۆڵینەوە لە گومانلێکراوان، موراد گونەش، لەیلا تەرزی، مستەفا ئەنیل ئاڵتان، جیھان کاراکاش و حەلیم باک دەستگیرکران و ڕەوانەی زیندان کران. هاوکات لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەکانی پەیوەست بە شارەوانی ئەیووب سوڵتان، ١٧ گومانلێکراو ڕەوانەی دادگای سزاکان کران؛ لەنێویاندا ئۆزجەنیش هەبوو و ١٣ کەسیان دەستگیرکران. هەلیل ئیبراهیم شاهین، عەلی کەمال گولەر، عەلی یەنتور و بیلال گورەن بە مەرجی چاودێری دادوەری ئازاد کران.
سەرچاوە: Rûdaw