
لە ئیلام دوو ئۆتۆمبێل پێکیاندادا: ٣ کەس بە کۆرپەیەکی یەک مانگەوە گیانیان لەدەستدا
لە پارێزگای ئیلام بەهۆی پێکدادانی دوو ئۆتۆمبێل، سێ کەس گیانیان لەدەستدا کە کۆرپەیەکی تەمەن یەک مانگیشیان لەنێودایە و پێنج کەسی دیکەش برینداربوون.
لە پارێزگای ئیلامی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لەسەر ڕێگای نێوان دێهلۆران و ئەندیمشک، دوو ئۆتۆمبێلی جۆری سایپا و پەژۆ پێکیاندادا. هۆکاری پێکدادانەکە هێشتا دیار نییە و بەهۆی توندی پێکدادانەکەوە ئۆتۆمبێلەکان بە تەواوی تێکشکاون.
لەو ڕووداوەدا سێ کەس کە کۆرپەیەکی تەمەن یەک مانگیشیان لەنێودایە لە شوێنی ڕووداوەکە گیانیان لەدەستدا و پێنج کەسی دیکەش دوای فریاگوزاری سەرەتایی ڕەوانەی نەخۆشخانە کران. ڕاگەیەندراوە کە باری تەندروستی بریندارەکان ناجێگیرە و لە بەشی چاودێری چڕدا چارەسەر وەردەگرن.
مەهدی شەعبانی، بەڕێوەبەری فریاکەوتنی ئیلام ڕایگەیاند کە لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە دەستیپێکردووە و جەختی لەوە کردەوە کە خراپی ژێرخانی ڕێگاوبان و کۆنی ئۆتۆمبێلەکان هۆکاری سەرەکی ڕووداوەکانن. بەپێی ئامارەکانی پزیشکی دادی ئێران، ساڵی ڕابردوو لە سەرانسەری ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان ١٩ هەزار و ٥٤٠ کەس بەهۆی ڕووداوی هاتوچۆوە گیانیان لەدەستداوە.
سەرچاوە: Rûdaw