
وەزیری ئاوەدانکردنەوە: ٨٧٢ پڕۆژەی ڕێگەوبان تەواو کراون و ٥٢٢ پڕۆژەی نوێش لە ڕێگادان
وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ٨٧٢ پڕۆژەی ڕێگەوبان تەواو کراون و ٥٢٢ پڕۆژەی نوێش لە قۆناغی جێبەجێکردندان.
دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لە کابینەی نۆیەمدا ٨٧٢ پڕۆژەی ڕێگەوبان بە درێژیی ٣ هەزار و ٤٠٠ کیلۆمەتر و بە تێچووی یەک ترلیۆن و ١٤٨ ملیار دینار تەواو کراون. ئەو پڕۆژانە لە سەرانسەری هەرێم کەوتوونەتە خزمەت هاووڵاتییان.
وەزیر ئاماژەی بەوەش کرد، ٥٢٢ پڕۆژەی دیکە کە تێچووەکەیان لە ٣ ترلیۆن و ٣٠٠ ملیار دینار زیاترە، ئێستا لە قۆناغی جێبەجێکردندان و بە تەواوبوونیان نزیکەی ٣ هەزار کیلۆمەتر ڕێگەی دیکە بۆ تۆڕی ڕێگەوبانی هەرێم زیاد دەبێت. لە چوارچێوەی پەرەپێدانی گوندەکاندا، ڕێگەی زیاتر لە ٤٥٠ گوند قیرتاو کراوە؛ هەروەها ڕێژەی کارکردن لە ڕێگەی دووسایدی وەرماوە-دەربەندیخان گەیشتووەتە ٨٠٪ و ڕێگەی هەولێر-کۆیەش ٤٨٪.
هۆکاری سەرەکیی خاوبوونەوەی پڕۆژەکان بۆ کەمیی نەختینە لە بانکەکان گەڕێندرایەوە. سەرەڕای کێشەی خەرجکردنی شایستە داراییەکانی بەڵێندەران، سوپاسی ئەو کۆمپانیایانە کرا کە بە سەرمایەی خۆیان بەردەوامن لە کارکردن. هەروەها جەخت لەوە کرایەوە کە بەشێک لە پڕۆژەی نیشتەجێکردنی ٩ هەزار یەکەی نیشتەجێبوون بۆ خێزانە کەمدەرامەتەکان تەواو بووە و قۆناغەکانی دیکەشیان لە کارکردندان.
سەرچاوە: Kurdistan24