
هەرێمی کوردستان داوای تێپەڕبوونی «ڕێگەی گەشەپێدان» بە خاکەکەیدا دەکات
وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن ڕایگەیاند کە دیزاینی ئێستای پڕۆژەکە سوودی بۆ هەرێم نییە و بە فەرمی داوای کردووە بەشێک لە ڕێگاوبان و هێڵی ئاسنین بە ناوچەکانی کوردستاندا تێپەڕ ببێت.
ئەگرین عەبدوڵڵا، بەرپرس لە وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی هەرێمی کوردستان، ڕۆژی چوارشەممە ٢٨ی تشرینی یەکەم بە ڕووداوی ڕاگەیاند کە دوای لێکۆڵینەوە لە نەخشەی سەرەتایی پڕۆژەی «ڕێگەی گەشەپێدان»، دەرکەوتووە دیزاینەکە لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی هەرێمی کوردستاندا ناگونجێت. عەبدوڵڵا جەختی لەوە کردەوە کە هێڵی ئاسنین و ڕێگەی وشکانی ئێستا بە هیچ بەشێکی کوردستاندا تێپەڕ نابێت.
وەزارەتەکە ڕایگەیاند کە تێبینی و ڕەخنەکانیان لەسەر پڕۆژەکە لە ڕاپۆرتێکدا کۆ کردووەتەوە و هەفتەی داهاتوو پێشکەشی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستانی دەکەن و دواتر بۆ بەغدا دەنێردرێت. لە ڕاپۆرتەکەدا بە فەرمی داوا دەکرێت کە بەشێک لە هێڵە خێراکان و هێڵی ئاسنینی پڕۆژەی «ڕێگەی گەشەپێدان» بە هەرێمی کوردستاندا تێپەڕ ببێت.
پڕۆژەکە بریتییە لە هێڵێکی ١٢٠٠ کیلۆمەتری کە لە بەندەری فاو لە بەسرە دەست پێ دەکات و تا سنووری تورکیا درێژ دەبێتەوە، هەروەها لە هێڵی گواستنەوەی کاڵا و نەفەر و هێڵی ئاسنین پێک دێت. تێچووی گشتی پڕۆژەکە بە ١٧ ملیار دۆلار مەزەندە دەکرێت؛ ١٠.٥ ملیار دۆلاری بۆ کڕینی شەمەندەفەری کارەبایی مۆدێرن و ٦.٥ ملیار دۆلاری بۆ هێڵی ئاسنین تەرخان کراوە. پلانیش وایە قۆناغی یەکەمی لە ساڵی ٢٠٢٨ و قۆناغی کۆتایی لە ساڵی ٢٠٥٠ تەواو ببێت. لە دیزاینی ئێستادا تەنها ١٠ بۆ ١١ کیلۆمەتر لە پشت بەنداوی مووسڵەوە لە پڕۆژەکەدا هەیە و ڕێگا ستراتیژییەکان تەنها بە ناوچە عەرەبییە شیعە و سوننەکاندا تێپەڕ دەبن و ناوچە کوردنشینەکان پشتگوێ خراون.
سەرچاوە: ڕووداو