
نکۆڵی
ڕۆمانی «نکۆڵی»ی ئازاد ساغنیچ، لەسەر بنەمای ژیانی ئیبراهیم گوربوز، بەدوای وەڵامی ئەم پرسیارەدا دەگەڕێت.
ژیانی مرۆڤێک تا چەند دەتوانێت هەڵگری ئەو یادەوەرییەی نەتەوەیەک بێت کە دەیانەوێت بێدەنگی بکەن؟
ڕۆمانی «نکۆڵی»ی ئازاد ساغنیچ، لەسەر بنەمای ژیانی ئیبراهیم گوربوز، بەدوای وەڵامی ئەم پرسیارەدا دەگەڕێت. چیرۆکەکە لە ڕابردووی خێزانێکەوە دەست پێدەکات کە بەهۆی شەڕ و کۆچی زۆرەملێوە ئاوارە بوون؛ لە منداڵیی گوندەکەیان «گرێسۆر»ەوە دەست پێدەکات، دەگاتە هەستی نامۆیی لە «تیرە»، گەڕانە سیاسییەکانی تەمەنی گەنجێتی، ئەشکەنجەخانەکانی ١٢ی ئەیلول و زیندانەکان. لە گەشتەکەی ئیبراهیمدا، نکۆڵیکردن لە ناسنامەی کوردی تەنها وەک ڕووداوێکی مێژوویی دوور نامێنێتەوە: لە پرسیارێکی سووکایەتیکەرانە لە قوتابخانە، لەو زمانەی کە قەدەغەیە پێی بدوێیت، لە ناچاربوونی منداڵێک بۆ شاردنەوەی ناوی خۆی و لەو هەوڵانەی بۆ شکاندنی ئیرادەی زیندانییەک، لە ناو ژیاندا جێگیر دەبێت.
یەکێک لە بەهێزترین لایەنەکانی ڕۆمانەکە، ئەوەیە کە چۆن یادەوەری لە نێوان نەوەکاندا دەپارێزرێت. ئەوەی «سەرایێ»ی داپیرەی ئیبراهیم دەیگێڕێتەوە، ڕێگاکانی کۆچ و ئەو نیشتمانەی بەجێماوە، لە یادەوەریی خێزانەکەدا بە زیندوویی دەهێڵێتەوە. ئەو خۆشەویستی و هاوکارییەی لەگەڵ «ئاینور» دروستی دەکات، لە سەختترین ساڵەکاندا هاوڕێی ژیانی ئیبراهیم دەبێت. «نکۆڵی» تێکۆشان تەنها لە بڕیارە سیاسییەکان و ڕووداوە گەورەکاندا نابینێتەوە؛ بەڵکو لە سووربوونی دایکێک، لەو مارەییەی لە دیداری زینداندا دەبەسترێت، لەو دەرگایەی دۆستان دەیکەنەوە و لە بێدەنگیی باوکێکدا کە هەوڵ دەدات منداڵەکەی لە ترس بپارێزێت، دەیدۆزێتەوە.
زیندانیبوونی ئیبراهیم لە «مەماک»ەوە بۆ «ساغماڵجیلار»، ئەو گوشارانەی دوای ئازادبوونیش کۆتاییان نەهات و ساڵانی ژیانی نهێنی، بەشە کاریگەرەکانی ڕۆمانەکەن. لە درێژایی ژیانیدا سێ جار ڕووبەڕووی هەوڵی تیرۆرکردن دەبێتەوە. هەندێک جار بە بەخت ڕزگاری دەبێت، هەندێک جاریش بە پابەندبوون بەو بیروباوەڕ و ڕاستییانەی باوەڕی پێیەتی، بە ئازایەتییەوە ڕووبەڕووی مەترسییەکان دەبێتەوە. بەڵام گێڕانەوەکە لێرەدا ناوەستێت. دەگاتە دامەزراوەیی کولتووریی کوردی کە لە دەوری «مەکەمە» (MKM) و پەیمانگای کوردی لە ئەستەنبوڵ گەشەی کرد، دامەزراندنی «ژیان ڕادیۆ» و لەدایکبوونی بیری «دامەزراوەی ئیسماعیل بێشکچی». بەم شێوەیە نیشان دەدات کە ئیبراهیم لە ئەزموونەکانی خۆیەوە بەرپرسیارێتییەک بۆ داهاتوو دەردەهێنێت: زمانە قەدەغەکراوەکان دەبێت ببیسترێن، شایەتییەکان دەبێت بنووسرێنەوە و ئەرشیفەکان دەبێت بپارێزرێن. لە لاپەڕەکانی کۆتایی کتێبەکەدا، ئەو مەترسییەی جارێکی دیکە سەرهەڵدەداتەوە، هەست بەوە دەکات کە باجی ئەم هەوڵە تەنها لە ڕابردوودا نەماوەتەوە.
نووسەری خەڵکی تاتوان، ئازاد ساغنیچ، لە درێژایی کتێبە لێکۆڵینەوەیی و ڕۆمانە مێژووییەکانیدا، گرنگی بە یادەوەریی کۆمەڵگەی کوردی، تێکۆشانە سیاسییەکان و ئەو شوێنەوارانە داوە کە ١٢ی ئەیلول بەجێی هێشتووە. وەک نووسەرێک کە خۆیشی لە سەردەمی کودەتاکەدا ئەزموونی دەستبەسەرکردن، ئەشکەنجە و زیندانیبوونی هەبووە، ئەو یادەوەری و شایەتییانەی ئیبراهیم گوربوز لەم ڕۆمانەدا دەکاتە گێڕانەوەیەکی ئەدەبی. گواستنەوەی قورسایی ڕووداوەکان لەگەڵ وردەکارییەکانی ژیانی ڕۆژانە، خوێنەر نەک تەنها لە سەردەمێک، بەڵکو لە جیهانی ئەو کەسانە نزیک دەکاتەوە کە ئەو سەردەمەیان ژیاوە.
«نکۆڵی»، لە چیرۆکێکی ژیانەوە دەست پێدەکات و یادەوەرییەکی بەرفراوانی کۆمەڵایەتی دەگێڕێتەوە کە کۆچ، زمان، خۆشەویستی، ترس و بەرخۆدان تێیدا تێکەڵ بوون. ڕۆمانەکە کە پێشکەش بە ژنانی کورد کراوە کە لە کەسایەتیی «سەرایێ»دا یادەوەرییەکانیان لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی دیکە گواستووەتەوە، خوێنەر بەم پرسیارەوە بەجێ دەهێڵێت: کاتێک مێژووی نەتەوەیەک نکۆڵی لێ دەکرێت، بیرهێنانەوە و گێڕانەوەی ئەو مێژووە دەبێتە چ جۆرە شێوازێکی ژیان؟
ڕۆناهی ئەلیف گون ٢٠٢٦
تێبینی: ناساندنی پەڕتووک و هەڤپەیڤین؛ ماڵی ئەدەبیاتی قڕائەتخانەی ئیستانبوڵ گەڕەکی ئاسمالی مەسجید، شەقامی یەمەنیجی عەبدوللەتیف، ژمارە ١. بەروار: ١٧ی تشرینی اولی ٢٠٢٦. کاتژمێر ١٥:٠٠ بەیئۆغڵو، ئیستانبوڵ.