
سیستمی بەرگریی ئاسمانی لە ماوەی شەش مانگدا لە عێراق جێگیر دەکرێت
ووتەبێژی هێزە چەکدارەکانی عێراق ڕایگەیاند، قۆناغی یەکەمی سیستمی بەرگریی ئاسمانی کە لە ڕادار، چەکی ڕێگرییکردن و فڕۆکەی جەنگی پێکهاتووە، لە ماوەی شەش مانگدا دەگاتە وڵات.
سەباح نومان، ووتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کوردستان٢٤ لە ١٢ی تشرینی اولی ٢٠٢٦ ڕایگەیاند کە حکومەتی بەغدا هەنگاوی کرداریی ناوە بۆ دابینکردنی سیستمی بەرگریی ئاسمانیی پێشکەوتوو و ڕێککەوتنەکانی لەگەڵ کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان تەواو کردووە.
نومان ئاماژەی بەوەدا کە قۆناغی یەکەمی ئەم سیستمە ئەمنییە کە لە ڕادار، چەکی ڕێگرییکردن و فڕۆکەی جەنگی پێکهاتووە، لە ماوەی کەمتر لە شەش مانگدا دەگاتە عێراق و بە مەبەستی پاراستنی سەروەریی ئاسمانیی وڵاتەکە لە هەموو ناوچەکاندا جێگیر دەکرێت.
ووتەبێژەکە ئاماژەی بە هاوکاریی سەربازیی نێوان بەغدا و هەرێمی کوردستان کرد و ڕایگەیاند، هێزەکانی پێشمەرگە بەشێکی سەرەکی و گرنگی هێزە چەکدارەکانی عێراقن، و هەمئاهەنگییەکی ئاستبەرز لە ڕێگەی ئاڵوگۆڕی زانیاریی هەواڵگری، کۆبوونەوەی بەردەوام و سەردانی بەرامبەرەوە بەڕێوەدەچێت.
نومان جەختی لەوە کردەوە کە بە مەبەستی پڕکردنەوەی بۆشاییە ئەمنییەکان و لەناوبردنی مەترسیی تیرۆر، هێزی هاوبەش لە کورد، عەرەب و پێکهاتەکانی دیکە لە ناوچە هەستیارەکاندا جێگیر کراون، و باری ئەمنیی گشتی جێگیرە و ئەم سەقامگیرییەش زەمینەیەکی بەهێز بۆ جێبەجێکردنی سیاسەتە ئابوورییەکان و ڕاکێشانی وەبەرهێنەرە بێگانەکان بۆ عێراق دەستەبەر دەکات.
سەرچاوە: Kurdistan24